"کێشەی نانەواخانەکانمان نەماوە"
هەڵەبجە لە سبەینێوە بە سیستەمی نەوت غاز دابەش دەکات
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
بە ھۆی بەردەوامی قەیرانی کەمبوونەوەی غاز، قایمقامیەتی ھەڵەبجە بڕیاریدا سیستەمێکی نوێ پەیڕەو بکات بۆ ئەوەی غاز بە شێوەیەکی دادپەروەر بگاتە دەستی ھەموو ھاوڵاتیان، ئەویش لە رێی ناوی بریکارەکانی خۆراکەوە و وەک نەوت دابەشبکرێت.
سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەڵەبجە بە 964ی وت، نادادپەروەری ھەبوو لە وەرگرتنی غازدا، چونکە بەشێک لە ھاوڵاتیان دەچوونە کارگەکانی غاز لەوێ غازیان وەردەگرت و بەشێکی دیکە بێبەشدەبوون.
وتیشی “ئەم بڕیارەمان بۆ ئەوەیە تاوەکو ھەموو ھاوڵاتیان سوودمەند بن لە وەرگرتنی ئەو بڕە غازەی دەگاتە ھەڵەبجە”.
ئەوان چوار کارگەی غازیان هەیە کە دووانیان لە کەرکوکە پێشتر لەهەر گارگەیەک 20 تۆن غازیان بۆ دەهات بەڵام ئێستا تەنیا 15 تۆنیان بۆ ناردوون، قایمقامیش دەڵێت “خۆشمان نازانین چەند غاز دەگاتە دەستمان ھەتا بڵێین ئەوەندە دەگاتە دەستی ھاوڵاتی، بەڵام ئەگەر غازی زۆر ھات ئەوا زۆر و کەمیش ھات کەم دەگاتە دەست ھاوڵاتیان، بەڵام نرخەکەی ھەمان نرخی غازی حکومییە”.
لەبارەی کێشەی نانەوا و خواردنگەکانی ناحیەکان و ناو ھەڵەبجەشک ئاماژەی بەوەکرد، تاڕادەیەک چارەسەرکراوە، غازیان بۆ دابینکراوە، بەڵام نەک بە بڕی پێشووتر، چونکە بەشە غازیان زۆر کەم بۆتەوە لەچاو جاران.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن