ئیسرائیل:
نزیکەى 200 بریندار لە هێرشە مووشەکییەکەى ئێران تۆمارکراون
964+
وریا فەتاح
نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە ئیسرائیل ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی دیمۆنا و عەرەد بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا 175 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان.
بەپێی راپۆرتی نەخۆشخانەکە، لە ناوچەی دیمۆنا 60 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە کە تێیدا منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە نەشتەرگەری بۆ کراوە.
دەشڵێت: لە ناوچەى عەردا 115 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و نۆ لە بریندارەکان بارى تەندروستیان جێگیر نییە.
هاوکات نەخۆشخانەی شیبا رایگەیاندووە، دوو برینداری دیکەی هێرشەکان گەیەندراونەتە لای ئەوان، بەڵام برینەکانیان سووکە و چارەسەری پێویست وەردەگرن.
نەخۆشخانەی سۆرۆکا جەختی کردووەتەوە کە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی کتوپڕ.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئایال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، پێکەوە بەڵێنیاندا لە هەموو بەرەکانەوە بەردەوام بن لە شەڕکردن دژى ئێران.
هاوکات سوپای ئیسرائیل (IDF) رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان شەپۆلێکی هێرشیان بۆ سەر ژێرخانی رژێمی ئێران لەناو جەرگەی تاران دەستپێکردووە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکە بە مەبەستی پێکانی “ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی شیمۆن پێرێز” بووە لە دیمۆنا، ئەوەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لەو هێرشەی کرایە سەر وێستگەی نەتەنزی ئێرانی، کە تاران ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکات.
ناوەندی ئەتۆمی دیمۆنا، کە تەنیا 10 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورە، بە بڕبڕەی پشتی پڕۆگرامە ئەتۆمییە نهێنییەکەی ئیسرائیل دادەنرێت، کە تاوەکو ئێستا تەلئەبیب بە فەرمی بوونی چەکی ئەتۆمی لای خۆی نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە رەتیشی کردووەتەوە.