پێویستیان بە ئامێرە

لە نزیک زەڕایەن رێگای دوو گوند و 100 جوتیار لافاو بردی

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، لافاو لەبەشێک لە گەڕەک و گوندەکانی سنوری قەزای شارەزوور دروست بووە، بەوهۆیەوە رێگای گوندی مالوان بەتەواوی بچڕا و پردێک کە دەرچەی هاتوچۆ بوو رووخا.

سەلام محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بۆ 964 وتی، بەهۆی دروستبونی لافاو، لە شەوی رابردووە ئاستەنگی لە بەشێک لەو رێگایانەدا دروستتبووە، کە دێنەوە ناحیەی زەڕایەن، لەگەڵ ئەوەشدا لافاو رێگای گوندی مالوانی تێکدا بەشێکی قیری رێگاکەی لەگەڵ خۆی بردووە.

رێگاکە جگە لەوەی رێگای سەرەکی دوو گوندە، رێگای زیاتر لە 100 جوتیارە کە زەوییەکەیان لەسەر ئەو رێگایەیە و سنووری چەند گوندێکی تریش تێپەڕدەکات، بە قسەی بەڕیوەبەری ناحیە، تەنانەت رێگای پیادەش نییە.

ئەوەشی وت، لەگەڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و جێگری پارێزگاری سلێمانی قسەمان کردووە هەوڵدەدەین بەزووترین کات رێگاکە چاک بکەین، سەرەتا دەبێ پردەکە لەو دارو پەردانە پاک بکەینەوە کە رێگربوون لە رۆشتنی ئاوەکە.

بۆ ئەوەش، پێویستیان بە ئامێری قەبارە گەورە دەبێت، بەڵام لە زەڕایەن ئەو ئامێرانە بوونی نییە و دەبێت لە سلێمانییەوە بیهێنن، دواتر دەست دەکەن بەچاکردنی رێگاکە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا