نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی پەیامی جەژنیان بڵاوکردەوە
سەرکردەکان جەژن بە دەرفەتێک بۆ یەکڕیزی و کۆتاییهاتنی شەڕ دەبینن
964+
ژێوار خدر
هەر سێ سەرکردە باڵاکەی هەرێمی کوردستان لە پەیامی جەژنی رەمەزاندا جەختیان لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکدەنگی گەلی کوردستان کردەوە، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەوە کۆدەنگن کە جەژن دەبێت ببێتە وێستگەی ئاشتەوایی و تێپەڕاندنی قۆناغە دژوارەکانی ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جەژن دەرفەتێکە بۆ یەکڕیزی زیاتر و داوای کرد مانا بەرزەکانی لێبوردەیی بکرێتە بنەما بۆ تەبایی، لەلایەکی دیکەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جەژنە ئارامی و کۆتایی شەڕ بۆ ناوچەکە دەهێنێت و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی شادی و کۆتاییهاتنی گرژییەکان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە بە ئاشتەوایی و خۆڕاگری ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین، لە پەیامی سەرکردەکاندا هاتووە کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەمووانە و پێویستە لەم دۆخە هەستیارەدا بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییەوە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە.