"یان ئارامی بۆ هەمووان، یان هەمووان لێی بێبەش دەبن"
کەتائیبی حزبوڵای عێراق “عەساف”ی لە جێگەی ئەبو عەلی عەسکەری دانا
فەرهاد حەسەن
لەناو گروپی کەتائیبی حزبوڵای عێراق جێگرەوە بۆ ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنیی کەتائیب داندرا و ئەوەی لەشوێنی داندراوە لە یەکەم دەرکەوتنیدا هەڕەشەی توند دەکات و دەڵێت، هاوکێشەی داهاتوو ئەوەیە “یان هەمووان لە ئارامیدا دەبن، یان هەمووان لێی بێبەش دەبن.”
دوێنێ 16.3.2026 ئەمینداری حزبوڵای عێراق ئەبوحوسێن حمێداوی رایگەیاند، کە ئەبوعەلی عەسکەری، بەرپرسی ئاسایشی کەتیبەکانیان کراوەتە ئامانج و کوژراوەک ئەمڕۆش ئاشکرای کرد، کە ئەبوموجاهید عەسافیان لە شوێنیان داناوا و کراوەتە بەرپرسی ئاسایشی حزبوڵا.
پێشتر ئەبوعەلی عەسکەری لەچەند راگەیاندراوی جیاوازدا چەندین جار هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە تایبەتی لە پرسی رێگەدان بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەگەری هێرشکردنیان بۆ سەر ئێران لەو شەڕەی ئێستا هەیە.
ئەبو موجاهید عەساف، یەکەم بەیاننامەی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا چەند پەیامێکی توندی ئاراستەی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کردک لەوانەش چیتر قبوڵ ناکەن لایەنێک لە ئارامیدا بێت و لایەنێکی تر نا، دروشمی “یان ئارامی بۆ هەمووان یان بۆ هیچ کەس”ی بەرزکردەوە.
جەختیشیکردەوە کە ئەو پاداشتەی پێشتر بەرەی بەرگری (مقاوەمە) دیاری کردبوو هێشتا بەردەوامە، دژی هەر کەسێک کە لە ژێر پەردەی “حەسانەی دیپلۆماسی”دا کاری سیخوڕی بکات.
هەڕەشەی توندیشی لەو کەناڵە راگەیاندنانە کرد کە بە “قەناواتی فیتنە” ناوی بردوون و وتی، ئەوانە لەلایەن “هەواڵگریی دوژمنەوە” بەڕێوەدەبرێن و وەڵامێکی توندیان دەبێت.