لە کوشتنى لاریجانى دڵنیانین

سوپاى ئیسرائیل: یەکلاییمان کردەوە و فەرماندەى “بەسیج”مان کوشت

964+

وریا فەتاح

سوپای ئیسرائیل (IDF) بە فەرمی کوژرانی غولامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج و چەندین بەرپرسی تری باڵای ئەو هێزەی لە هێرشێکی ئاسمانیی شەوی رابردوودا بۆ سەر ناو خاکی ئێران پشتڕاستکردەوە، هەرچەندە تا نیوەڕۆى ئەمڕۆ قسەوباسەکان تەنیا لەسەر بەئامانجگرتنى بوون نەک کوژرانى.

بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، غولامڕەزا سولەیمانی لە کامپێکی مەیدانیی چادرەکاندا کراوەتە ئامانج کە لەم دواییانەدا لەلایەن بەسیجەوە دروستکرابوو. ئیسرائیل دەڵێت ئەم کامپە دوای ئەوە بونیاتنرا کە هێرشە ئاسمانییەکانی پێشوو زۆربەی بارەگا سەرەکییەکانی ئەو هێزە نیمچە سەربازییەیان لەناو بردبوو.

جگە لە سولەیمانی، جێگری فەرماندەی بەسیج و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پلەباڵای ئەو هێزە لە هەمان هێرشدا کوژراون.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە شەوی رابردوو عەلی لاریجانی، کەسایەتیی باڵای سیاسیی ئێرانی لە تاران کردووەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ئەنجامی هێرشەکە و تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا لاریجانی کوژراوە یان نا، میدیاى ئێرانیش دەڵێت: کەمێکى تر لاریجانى پەیامى دەبێت.

هێزی بەسیج بەوە ناسراوە کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندانە ناوخۆییەکانی ئێران و لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکانەوە تۆمەتبار دەکرێت بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.