لە هەڵەبجە

سێ ژن بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکران

وریا فەتاح

پۆلیسی هەڵەبجە باندێکی سێ کەسیی ژنانی بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێک دەستگیرکرد، کە دوای سکاڵای هاوڵاتییەک، لە ماوەیەکی کەمدا توانراوە دەستنیشان بکرێن و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەشدا بگیرێت.

بەپێی راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، وردەکاریی رووداوەکە بەم شێوەیەیە:

شەوی رابردوو کاتژمێر 7:30، هاوڵاتییەک سکاڵای لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان تۆمارکرد کە ئۆتۆمبێلەکەی (لە جۆری تۆیۆتا کراون – بێ سەرەتا) لێ دزراوە و گومانی لە کەسێک هەیە.

مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکرد و توانییان لە کەمتر لە سێ کاتژمێردا تۆمەتباران بدۆزنەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیریان بکەن.

 هەر سێ تۆمەتبارەکە لە رەگەزی مێن و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەن، کە پێکهاتوون لە:

(و. ع. ص) تەمەن 39 ساڵ.
(ر. ع. ا) تەمەن 38 ساڵ.
(س. ف. ح) تەمەن 17 ساڵ.
پۆلیس روونیشى کردووەتوە دوای دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئێستا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.