چەند شوێنێکی درزی بردووە

شانۆی رۆمانی؛ سیما جوانەکەی شار بێ نازە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەهۆی كۆبوونەوەی ئاوی باراناو، لە سەقفی بینای شانۆی رۆمانی پاڕكی هەواری شار، خەریكە رووپۆشە جوانەكەی لەدەست دەدات.

بینای شانۆی رۆمانی، روكارەكەی بە رووپۆشێكی تایبەت لە بەردی مەڕمەر رووپۆشكراوە، كە لەدەرەوەی وڵاتەوە بەتایبەت بۆ دروستكردنی بیناكە هێنراوە.

بۆ دەستخستنی وردەكاری لەسەر گرفتی بیناكە، 964 قسەی لەگەڵ كارزان عوسمان، بەڕێوەبەری شانۆی رۆمانی كرد و لای خۆیەوە وتی، “بینای شانۆی رۆمانی وەكو خۆی سەلامەتە و تائێستا گرفتی نییە، تەنیا رووكاری دەرەوەی بیناكەیەو كاتێك ئاو لە سەربانی بیناكە كۆدەبێتەوە بەرووپۆشەكەیدا دێتە خوارەوە و ئەوەش بووەتە هۆی تێكچوونی بەشێكی و درزی تێكەوتووە و چارەسەریش نەكرێت مەترسیش دروست دەكات.

وتیشی، كاتی خۆی كە بیناكە دروستكراوە سەقفەكەی سلۆپێكی باشی نەدراوەتێ، بەهۆی بوونی كۆترێكی زۆرەوە خۆڵ و خاشاكێكی زۆر كۆدەبیتەوە و دواجار كونی ئاوەڕۆكان دەگرن و لەوكاتەدا بە بیناكەدا دێتە خوارەوە، پاككردنەوەشی كەمێك سەختە بەهۆی زەحمەتی سەركەوتن بە پلیكانەكانی بیناكە كە هەموو كەسێك بەئاسانی ناتوانێت بۆ پاكردنەوەی بەسەریدا سەركەوێت.

“ئەوەی كە نیگەرانی لای ئێمە دروستكردووە، بوونی درز و رۆچوونی بەشێكی ئەو مەڕمەرە دەگمەنەیە لە بیناكە و پلیكانەكانی دانیشتن، كەبەهۆی ئەوحاڵەتەوە دروست بووە، كە دەسكەوتنەوەی جارێكی تر ئەستەمە و دەمانەوێت پارێزگاری لێبكەین” كارزان عوسمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لەوە گەشتیارانیش كەسەردانی شانۆكە دەكەن، خۆڵ و خاشاكێكی زۆر فڕێ دەدەن لەكاتێكدا چەندان سەتڵمان بۆداناون، ئەوەی زۆر جێگەی داخیشە گەشتیاران بەنوسینەكان و تۆماركردنی یادگارییەكانیان لەسەر بەردە مەڕمەڕەكان، سیمای بیناكەیان ناشرین كردووە و داوا دەكەین خەڵكی بەهۆشیارییەوە مامەڵە بكەن و ئەو كارە دواجار سیمای شانۆكەمان تێكدەدات.

لەبارەی ئەو كێشانەی شانۆی رۆمانییەوە، موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە 964ی وت، بە یاوەری تیمێكی ئەندازەیی سەردانی  شانۆی رۆمانیمان كردووە و لەماوەی داهاتوودا هەموو كەمووكوڕییەكانی چارەسەر دەكەین، بۆ حاڵەتی پاكو خاوێنی و نوسینی سەر دیوارەكانیشی داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانی كردووە بۆ دابینكردنی چەند پاسەوانێك بۆ رێگریكردن دووبارە بوونەوەی ئەو حاڵەتانە، بەڵام تائێستا وەڵامی ئەو داواكارییەمان نەدراوەتەوە.

شانۆی رۆمانی لە كۆتایی ساڵی 2015 تەواو كراوە و لەسەر شێوازی كۆنی رۆمانی دروسكراوە و وەكو ئاماژەیەكیش بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، پلیكانەكانی دانیشتنی شوێنی پێنج هەزار كەس دەبێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

گروپی کیژانی سلێمانی لە شانۆی رۆمانی دەبن

گروپی کیژانی سلێمانی لە شانۆی رۆمانی دەبن