بە دەنگ و تێکست لە ژیری دەستکرد بپرسە و وەڵام بە کوردی وەربگرە
گۆڤەند کوردی خستە ناو ChatGPT
964+
رێباز خدر – هەولێر
گۆڤەند جەمال، ئەو گەنجە بەهرەمەندەی شاری هەولێرە، کە ماوەی ساڵێکە هەڵساوە بە دروستکردنی یەکەمین ژیری دەستکرد بە ناوی کورد جی پی تی(KurdGPT) بە زمانی کوردی کە لە چەند بواری جیا جیادا دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت.
گەنجە 23 ساڵەکە بە 964ی وت، ئەم مۆدێلەی AI یەکەمین ژیری دەستکردە بە زمانی کوردی دروستکراوە و کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لەخۆ دەگرێت وەکو، چاتی گشتی، یارمەتیدەری خوێندن، وەرگێڕان، دروستکردنی سی ڤی، کەناڵی تیک تۆک وە چەندین تایبەتمەندی تر.
باس لەوەش دەکات و دەڵێت، لەم وێبسایتە دەتوانیت لە رێگەی دەنگەوە کە بۆ ژیری دەستکردە دەنێریت، وەڵامی هەر داواکارییەک دەداتەوە بە زمانی شیرینی کوردی، کە ئەم تایبەتمەندیە لە چات جی پی تی و هاوشێوەکانی تری نیە.
جگە لەم تەکنیکە، گۆڤەند توانای دروستکردنی سیستەمێکی زیرەکی هەیە کە تایبەتە بە چێشتخانەکان، لە رێگەی سیستەمەکەوە داتای رۆژانە و مانگانە و ساڵانەت پێ دەدات و ئاسانکارییەکی زۆر باش بۆ خاوەن چێشتخانەکان دەکات.
گۆڤەند جەمال، تەمەنی 23 ساڵە و خوێندکاری قۆناغی چوارەمە لە بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر لە زانکۆی سۆران، توانا و لێهاتوویەکی زۆر باشی هەیە بە گشتی لە بواری ئای تی و ژیری دەستکرد.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا