مەیدانی راهێنانی تهقه دەگوازرێتەوە گوندی قەرەدەرە
ژنێکی 21 ساڵان بە گولـلەی هێزەكانی عێراق بە سەختی بریندار کرا
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەهۆی نزیکیی گۆڕەپانی راهێنانی چەک لە گوندی کۆمپتلەر لە رۆژئاوای کەرکوک ژنێکی تەمەن 21 ساڵان بەناوی مەلاک عیسام دایکی دوو منداڵە، بەهۆی گولـلەی وێڵ بە سەختی برینداربوو، بە پێی قسەی باوکی ژنەکە ، تووشی خوێنبەربوون بووە و تا ئێستا نەتواندراوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت، ئەوە سێیەمین کەسە بە هۆی مەیدانی راهێنانی چەک لەو گوندە بریندار بێت، ئەمڕۆش بە بڕیاری وەزیری بەرگری ئەو مەیدانە داخرا و دەگواسترێتەوە بۆ گوندی
قەرەدەرە.
حاجی عیسام جەبار باوکی ژنە بریندارەکە بە964ـی وت، مهزرەعەیەکی بچوکم هەیە لە نزیک گوندەکە، دوێنێ رۆیشتین بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەرببەین و خواردنێک بخۆین، هەر لەو شوێنە چەند ئاژەڵێکم هەیە، کچەکەم لەگەڵ کچی پورێکی دەسووڕایەوە، هاواری کرد، بینیم گولـلەیەک بەر مللی کەوتووە، گەیاندمانە نەخۆشخانە، ئێستا ئەو گولـلە دابەزیوەتە خوار پەراسووەکانی و تووشی خوێنبەربوون بووە.
وتیشی، چاوەڕوانین خوێنەکەی بووەستێت، بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت و گولـلەکە دەربهێنرێت.
حاجی عیسام وتیشی، سوپاسی فەرماندەی ئۆپهراسیۆنەکانی کەرکوک و وەزیری بەرگری دەکەم، کە بڕیاران داوە ئەو گۆڕەپانە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێک دیکە، هیوادارم تەنیا نووسراوی سەر کاغهز نەبێت و جێبەجێ بکرێت، ئەوە سێیەمین کەسیشە بەهۆی راهێنانی چەکەوە بریندار بکرێت لە گوندەکەمان، ئێمە زانیومانە سوپا خەڵك دەپارێزێت نەك بیانكوژێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، کە کۆپییەکی دەست 964 کەوتوە، بڕیار درا بە گواستنەوەی مەیدانی راهێنانی تهقهكردن بۆ گوندی قەرەدەرە لە نێوان کەرکوک و قەزای دوبز، هیچ کەسێکیش بۆی نییە جارێکی دیکە ئەو شوێنە بەکاربهێنێت.
مەیدانی راهێنانی چەک دەکەوێتە ناو سەربازگەی K1 سوپای عێراقی لە رۆژئاوای کەرکوک رۆژانە لە کاتژمێری سێی ئێوارە راهێنانی چەکی تێدا دەکرێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا