زەوی کشتوکاڵی لە گەرمیان - وێنە: 964
"بڕی پێویست باران باریوە"
گەرمیان خەمی وشکەساڵی نەما
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بارانبارینی ئەمساڵ خەمی وشکەساڵی لە سنووری گەرمیان رەواندووەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ جوتیارانی ئەو دەڤەرە ئەمساڵ بەرهەمی باشیان دەبێت یان نە.
شادیە حسێن بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـی وت، “ئەمساڵ بارانی باش باریوە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و لە هیچیەک لە قەزا و ناحیەکان ترسی وشکەساڵی نەماوە”.
“هەرچەندە ھێشتا کاتی بارانبارین ماوە تا مانگی چواری ئەمساڵ، بەڵام لە سەرجەم ناوچەکان بەپێی پێویست باران باریوە و پێشبینی ناکرێت، هیچ کێشەیەکی کەمئاویمان هەبێت”، شادیە حوسێن وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، جارێ ناتوانن بڕیار بدەن لەسەر بەرھەمی دانەوێڵەی ئەمساڵ کە بزانن باشە یان خراپ، دەبێت تا مانگی چوار چاوەڕێ بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری