10 بڕیار بۆ مانگی رەمەزان

لیژنەی ئەمنی زەڕایەن: چەک و چەقۆ لەهەرشوێنێک گیرا، دایدەخەین

964+

ئەحمەد مستەفا

هەموو جۆرە کەرەستەیەکی وەک (چەک، چەقۆ، ئامرازەکانی تەقەکردن و بۆکس خنجەر و هاوشێوەکانی، لەهەر شوێنێک و دوکان و جێگەیەکدا دەستی بەسەردا دەگیرێت شوێنەکە دادەخرێت.

ئەمە بڕیارێکە، لەو 10 بڕیارەی لیژنەی ئەمنی ناحیەی زەڕایەن دەری کردووە بۆ رێکخستنی بازاڕ و دۆخی ئەمنی لە مانگی رەمەزان.

ئەگەرەکان وایە، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت، لیژنەکە ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە و دەڵێت، نابێت رێگە بەهیچ کەسێک بدرێت مانگی پیرۆزی رەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بەبازاڕ بکات لەبەرز کردنەوەی نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لەسەر هاوڵاتیان گران بکات.

لیژنەکە لەبارەی رەتی هاتوچۆ بڕیاری داوە، بە بەدواداچونی بەردەوامی هێزە ئەمنیەکان بۆ دەست بەسەردا گرتنی ماتۆڕ سکیلی بێ سەرەتا و ئەو ماتۆڕ سکیلانەی کە بوون بەهۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان.

بڕیارەکان و راگەیەندراوی لیژنەی ئەمنی ناحیەکە وەکخۆی؛

ئەمڕۆ ڕێکەوتی( ٢٠٢٦/٢/١٥ ) بەسەرپەرشتی بەڕێز( سلام عمر ابراهیم ) بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن لیژنەی ئەمنی لەدیوانی ناحیە بە ئامادەبونی ئەندامانی لیژنە کۆبوونەوە ، بەمەبەستی ئامادەکاری و دانانی پلان بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان . لەکۆبونەوەکەدا چەند بابەتێک بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکە باسکراو لەو بارەیەوە چەند بڕیارێک درا :-
١- پێویستە هەموو خواردنگەو چێشتخانەو کەبابخانەکان لەڕۆژانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پەردە بۆ شوێنەکانیان بەکاربهێنن .
٢- لیژنە هاوبەشەکان ڕاسپێردراون کەبەردەوام بن لەچاودێری کردنی بازاڕو شوێنەگشتیەکان بەمەبەستی ئاگادار بوون لەنرخی کەل و پەل و پێداویستیەکان و ڕێگری کردن لەگران فرۆشی شتومەک و پێداویستیەکانی هاووڵاتیان .
٣-لیژنەی ڕێکخستنی بازاڕی زەڕایەن ڕاسپێردران بۆڕێگری کردن لەهەر دیاردەیەکی زیادەڕەوی و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ دەوەستن لەسەر شەقامەکە ، وەڕێکخستنی کاسبکارانی ناوبازاڕو بەشێوەیەک لەگەڵ ڕێنماییەکانی شارەوانی زەڕایەن بگونجێت .
٤- بەمەبەستی بنبڕکردنی هەر دیاردەیەک و سەلامەتی هاووڵاتیان ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون چاودێریکردنی سەرجەم شوێنەکانی وەک بازاڕو گەڕەک و کۆڵانەکانی سنوری ناحیەی زەڕایەن لەشەوانی ڕەمەزاندا بکرێت
٥- هەموو جۆرە کەرەستەیەکی وەک ( چەک ــ چەقۆ ــ ئامرازەکانی تەقەکردن ــ بۆکس خنجەر و هاوشێوەکانی ) لەهەر شوێنێک و دوکان و جێگەیەکدا دەستی بەسەردا دەگیرێت شوێنەکە دادەخرێت .
٦- بەدواداچونی بەردەوامی هێزە ئەمنیەکان بۆ دەست بەسەردا گرتنی ماتۆڕ سکیلی بێ سەرەتا و ئەو ماتۆڕ سکیلانەی کەبونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان .
٧- بەدواداچونی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو دارستانی زەڕایەن بۆڕێگری کردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
٨- ڕاسپاردنی هۆبەی دارستان و پاوان بۆ پاراستنی دارستانی زەڕایەن و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندی دارەکان لەبونی هەر ڕوداوێکی نەخوازراو .
٩- نابێت ڕێگە بەهیچ کەسێک بدرێت مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بقۆزێتەوە و یاری بەبازاڕ بکات لەبەرز کردنەوەی نرخی خۆراک و کەل و پەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتیان گران بکات .
١٠- داخستنی سەرجەم کافتریاو هۆڵەکانی بلیاردو دوکانەکانی ( پلەی ستەیشن ) لەڕۆژانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بۆ ئەو مەبەستە لیژنە هاوبەشەکان ڕاسپێردران بەئاگادارکردنەوەی شوێنەکان .