لۆگۆی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
خەڵک لە ئاوارەیدا ماونەتەوە
یوئێن دەڵێ، دۆخی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان کارەساتبارە
964+
ئەحمەد مستەفا
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، بەهۆى شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاواى کوردستان تا 3.2.2026، نزیکەی 160 هەزار کەس لە ئاوارەیدا ماونەتەوە، بارودۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان کارەساتبارە.
وەک ستیڤان دوجاریک-ی وتەبێژی رێکخراوەکە باسی دەکات، لە ناوچەکان ناوچە کارەبا و ئاو و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بچڕاون.
ئەمڕۆ سێشەممە، دوجاریک کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەبوو و وتی، هاوکارەکانمان پێیان راگەیاندین، دوای ئەو رێکەوتنەی لە 30.1.2026 راگەیەندرا، شەڕ و پێکدادانەکان لە حەلەب و حەسەکە و ڕەقە کەمی کردووە، بەڵام نزیکەی 160 هەزار کەس لە دۆخی ئاوارەیدا ماونەتەوە.
لەماوەی 10 رۆژدا، ئەو هاوکارییانەی رێکخراوەکە گەیاندوونی بریتیبووە لە 10 کاروانی هاوکاری هاوبەش بۆ قامیشلۆ و کۆبانێ، کە 154 بارهەڵگر بوون.
بەڵام وەک باسی دەکەن، پچڕانی کارەبا و تێکدانی سیستمی ئاو بەردەوامە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان پچڕ پچڕن، زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراک سنووردارە و خوێندن لە زۆر شوێندا بە وەستانی ماوەتەوە.