"وێژەیی لە زانستی دەخوێنێت"
خوێندکارانی پەیمانگا تەکنیکى و پیشەییەکان لە بەردەم وەزارەتى خوێندنى باڵا گردبوونەوە
964+
رێباز خدر- هەولێر
بۆ دووەم رۆژ، خوێندکارانی پەیمانگا تەکنیکی و پیشەییەکان دەرگای وەزارەتی خوێندنی باڵایان گرت. کێشەکە دوو سەرە و ئاڵۆزە؛ لەلایەک سەندیکای پەرستاران دەرچووانیان بە ئەندام وەرناگرێت و ناسنامەیان پێ نادات، ئەمەش واتە “بڕوانامە هەیە و ئیش نییە”.
خوێندکاران پەردە لەسەر کێشەیەکی دیکەش هەڵدەدەن و دەڵێن “خروقات” کراوە؛ بەشێک لە خوێندکاری بەشی وێژەیی بە نمرەی 50 هێنراونەتە بەشی زانستی، کە بەپێی یاسا ڕێگەپێدراو نییە. ئەوان دەڵێن تا داهاتوویان مسۆگەر نەکرێت و ئەم تێکەڵییە چارەسەر نەبێت، ناڕۆنەوە و بایکۆت دەکەن
شەیما ئەکرەم، خوێندکاری قۆناغی دووەم یەکێک لە پەیمانگاکان بە 964 ی وت، کێشەی ئەوان لەگەڵ سەندیکای پەرستارانە کە دوای دەرچونیان لە پەیمانگا ئەوا سەندیکا ناسنامەیان پێ نادات و ناتوانن ببن بە ئەندام ، ئەمەش وا دەکات کە ئەوان ناتوانن کار بکەن لە بوارەکەی خۆیان دا لە داهاتوو دا.
عبدولرەحمان نەجات خوێندکارێکی تری ناو گردبوونەوەکەیە دەڵێت، بەشێک لەو خوێندکارانە کە لە ئێستا دا لە پەیمانگاکان دەخوێنن، کاتێک پۆلی 12 ئامادەیی بوونە لە بەشی وێژەیی هاتوونەتە بەشە زانستییەکان کە بە نمرەی 50 وەرگیراون، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی یاسایە، کە نابێت قوتابی وێژەیی لە بەشە زانستیەکان وەربگیرێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاخ