"جسر لە حەواش بکرێ هەر جێ نابێ"

تادێت جەنجاڵی ناو شەقامەکانی هەولێری پایەتخت زیاتر دەبێت

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

تادێت جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەناو شەقامەکانی هەولێری پایەتخت زیاتر دەبێ و شەقامی سەرەکی کەرکوکیش یەکێکە لەو شەقامانەی کە لە کاتی دەوامدا پاڵەپەستۆیەکی زۆری تێدا دروست دەبێت و بکەوی ناوی، بەئاسانی لێی دەرباز نابی.

زۆردار رەحمان دانیشتووی گەڕەکەی سەیداوەیە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بەپێ هاتوومەتە ئێرە و سەیارەم نەهێنایە، ئێرۆکانە، بن جسری لای ئیسکان، فلکەی دارەتووی وەختی دەوام زۆر زۆر قەرەباڵغن”.

“عیلاجیشی نییە، سەیارە هێندە زۆرە، ئەگەر جسر لە حەواش بکرێ هەر جێ نابێ”، زۆردار رەحمان وادەڵێت.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە هێمن حەمەدەمین وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، ئەو وتی، “بەهۆی ئەوەی زۆربەی دامودازگاکانی خوێندن دەکەونە سەر ئەو شەقامە، ئاستەنگی دروست دەبێت، بۆیە ئێمەش هەموو کارمەندان و ئەفسەرانمان لەکاتی قەرەباڵغی لەوێدا لە ئەرک دەبن بۆ ئەوەی کەمێک لەو جەنجاڵییە کەمبکەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی  رابردوودا ئاستی خێرایی لێخوڕینیان لە شەقامەکە زیاد کردووە بۆ ئەوەی تاڕادەیەک لە قەرەباڵغی شەقامەکە کەم بکەنەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

"لە قەرەباڵغی و خنكانی شەقامەكانی شاری هەولێر دەكۆڵدرێتەوە