رۆشنبیری و هونەری هەولێر

هەزار كتێبی دیكە لە هەولێرەوە بۆ كتێبخانەی چەمچەماڵ

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بۆ جاری دووەم بڕی هەزار كتێبی بەخشی بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ، كە بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆری بەركەوتبوو.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ سێشەممە 3.2.2026 بڵاویكردەوە، بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بڕی هەزار كتێب بە ناونیشانی جیاواز رادەستی كتێبخانەی گشتیی هەولێر – زەیتوون كرا، كە ئەوانیش دەیگەیەنن بە كتێبخانەی چەمچەماڵ.

ئەمە وەجبەی دووەمە و پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر وەجبەیەكی دیكەی كتێبی پێشكەشی كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ كردبوو.

لە 9.12.2025  لافاوێكی بەهێز قەزای چەمچەماڵ و بەشێكی كەركوك و ناوچەكانی گەرمیانی گرتەوە و بەهۆی دوو كەس گیانیان لەدەست دا و بە هەزاران ماڵ و شوێنی گشتی و شوێنی كاروكاسبی هاوڵاتیان زیانی زۆری بەركەوت، یەكێك لەوانەش كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بوو.

تۆڕی 964 لای خۆیەوە هەڵمەتی یارمەتیدانی كتێبخانەی چەمچەماڵی راگەیاند و زیاتر لە شەش هەزار كتێبی لە شار و شوێنە جیاوازەكانی كوردستان كۆكردەوە و پێشكەشی كتێبخانەكەی كرد.