پڕۆژەیەکە و 1000 قوتابخانە دەگرێتەوە
هەڵمەتی هۆشیاری ژینگەیی بۆ 10 قوتابخانە و باخچەی منداڵان هەڵەبجە راگەیەندرا
964+
فەرهاد حەسەن
لە هەڵەبجە، هەڵمەتی هۆشیاری ژینگەیی بۆ 10 ناوەندەکانی خوێندن لە قوتابخانە و باخچەی منداڵان راگەیەندراو جگە لە پێدانی رێنمایی ژینگەیی هەندێک پێداویستیشیان پێشکەش کران، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەیە، کە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان 1000 قوتابخانە دەگرێتەوە
پڕۆژەکە بە هاوکاری و هاوبەشی تەواوی ناوەندە پەروەردەییەکانی ئەم شوێنانە ئەنجام دەدرێن و لەلایەن رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە و رێکخراوی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەڕێوەدەچن.
لە هەڵمەتەکەی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و سەرۆکی بۆردی راوێژکاری ژینگەیی پارێزگا و چالاکی وەرزشی و دیدەوانی و سەرپەرشتیاری ژینگە و تەندروستی قوتابخانەکان و نوێنەری رێکخراوی نوێ بۆ ژینگە و مافەکانی ژنان،لە ژێر ناوی “لە پێناو نەوەیەکی ژینگەدۆست: دەستیپێکردووە.
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، کە رێکخراوەکەی لەگەڵ رێکخراوی ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان هەڵمەتەکە بەڕێوەدەبەن، بە 964ی وت، لە هەڵمەتەکەدا میوانداری 10 قوتابخانە و باخچەی منداڵان کراوە بەشێک لە پێداویستییە ژینگەییەکانیان پێشکەشکرا.
وتیشی “چەند پەرتووکێکی ژینگەیی و پۆستەری ژینگەیی و شوێنی جیاکردنەوەی پاشماوەکان و پەرتووک پێشکەش کراون و بەهاوکاری پەروەردەی هەڵەبجەش، کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر لەئەمساڵی خوێندن لەناوەندەکانی خوێندن ئەنجام دەدەن”.