یاسایەکە ساڵی 1962 ی هەڵوەشاندەوە
وەزارەتی ناوخۆی سوریا بڕیاری پێدانی رەگەزنامەی بە كورد دەركرد
964+
فەرهاد حەسەن
سوریا بڕیاری پێدانی رەگەزنامەی بە كورد دەركرد و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش رێنمایی بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی رێکارەکان بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باری شارستانی ئەو وڵاتە ناردووە.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ کە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باری شارستانی نێردراوە، بە پشتبەستن بە ماددەی چوارەمی مەرسومی ژمارە 13 کە لە رێکەوتی 16.1.2026 دەرچووە، دەڵێت: کارکردن بە سەرجەم یاسا و رێکارە نائاساییەکان کە لە ئەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە دروست ببوون هەڵدەوەشێتەوە و رەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە سەرجەم ئەو هاوڵاتییە بەڕەچەڵەک کوردانەی لەسەر خاکەکەیان نیشتەجێن، بە (مەکتومولقەید)ەکانیشەوە، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەركەکاندا.
لە ماددەی حەوتەمدا هاتووە “وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی رێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم مەرسومە، هەر لایەنە و بەپێی پسپۆڕی خۆی.”
هەر بەپێی بڕیارەکە، “پێویستە بە شێوەیەکی دەستبەجێ کاربکرێت بۆ ئامادەکردنی رێنماییە جێبەجێکارییەکان تاوەکو ئەم مەرسومە بەپێی دەقەکەی جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ رەچاوکردنی ئاسانکاریی رێکارەکان بۆ خوشک و برایانی کورد تا ئەو رادەیەی دەکرێت و رەوانەکردنی بۆ ئێمە لە ماوەیەکدا کە دوا وادەی 5.2.2026 بێت.