لە هەولێر

چێشتخانەیەک ناوەكەی گۆڕی بۆ “كەزی”

964+

عەبدولعەزیز خالند

چێشتخانەیەكی هەولێر كە بە ناوی “قوڕاو” بوو، ناوەكەی گۆڕدرا بۆ “كەزی”، خاوەنەكەشی دەڵێ، ئەم كارەیان وەك وەفایەك بۆ كەزیی كچە شەڕڤانەكەی رۆژئاوا كردووە.

نیگار سالار، خاوەنی چێشتخانەكە ئەمڕۆ سێشەممە 27.1.2026 بە 964ی وت، بڕینی كەزی شەڕڤانەكە زۆر كاری لێكردووە، بۆیە بڕیاری دا ناوی چێشتخانەكەی بكات بە كەزی و خەریكە رێكارەكانی گۆڕینی ناوەكەش بە فەرمی تەواو دەكات.

نیگار دەڵێت، “كەمپینەكیشمان راگەیاندووە بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان و داواكارین هاوڵاتیان بەشداریمان لەگەڵ بكەن و هاوكاری و پێداویستی ببەخشن، بۆ ئەوەی ئێمەش پێشكەشی رۆژئاوای كوردستانی بكەین”.

هۆنینەوەی كەزی خانمان لە هەموو كوردستان و وڵاتانی دیكەش بووە ترێند و سیمبول، دوای ئەوەی چەكدارێكی هێزەكانی سوریای عەرەبی لە ڤیدیۆیەكدا دەركەوت و كەزییەكی بەدەستەوەیە و دەڵێت ئەوە كەزی شەڕڤانێكە، هەرچەندە كابرای چەكدار دواتر روونكردنەوەی دا و دەڵێت ئەمە كەزی دەستكرد بووە و بابەتەكە بەو شێوەیە نەبووە، بەڵام كەس باوەڕ بە قسەكانی ناكات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"کەزی" سنووری کوردستانی بەزاند و کاردانەوەی لەلای نەتەوەی دیکە دروستکردووە