سەرۆكی حەشدی شەعبی وادەڵێت:

زیندانی داعشەكان لە دەرەوەی شارە گەورەكان دەبێت و لە موسڵ دوور دەبێت

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆکی دەستەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەڵێت، زیندانی تایبەتی بۆ دەستگیرکراوەکانی داعش ئامادە دەكرێ، كە لە شارە قەرەباڵغەكان دوور دەبن، بە تایبەتی موسڵ.

فالح فەییاز لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەمڕۆ سێشەممە وتی: “زیندانەکانی تایبەت بۆ تیرۆریستانی داعش دیاری دەکرێن، کە دوور لە شارە چڕەكان بە دانیشتووان دەبێت، بە تایبەت موسڵ، حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش دەخرێنە زیندانی تۆكمە و پارێزراو بە رێوشوێنی توندی ئەمنی و پشکنینی وردیان بۆ دەكرێت”.

وتیشی، “دۆخی ناسەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێویستی بە بەرزترین ئاستی وریایی هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان”.

هەروەها فەییاز ئاماژەی بەوە کرد کە “حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان خاوەنی ئەزموون و ئیرادە و ئامادەیی تەواون بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێكی ئەمنی”.

“ئێستا هیچ هەڕەشەیەك لەسەر سنوورەكاندا نییە، بەڵام ئەرکێكی نیشتمانییە  ئامادەکاریی باش بكرێت بۆ هەر پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراو”، سەرۆكی حەشدی شەعبی وای وت.

دەشڵێت: “سوریا بە دووڕیانێكی سەختدا تێدەپەڕێت، عێراقیش ئارەزووی دامەزراندنی پەیوەندییەکی باش و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی ئەمنی ئێستا و دەستنیشانکردنی هەندێک قەوارە وەک رێکخراوی تیرۆریستی، پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی ئەمنیی پێویست هەیە”

ئەوەشی خستەڕوو “هێزەکانی حەشدی شەعبی، سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و پاسەوانانی سنوور لە ژێر فەرماندەیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و لە چوارچێوەی سیستمێکی هەواڵگری یەکگرتوودا کار دەکەن، یەکخستنی هەوڵە ئەمنییەکان کەشێکی سەلامەت بۆ چالاکییە سیاسییەکان و كارە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان لە موسڵ دەڕەخسێنێت”.

حكومەتی عێراق رازیی بووە حەوت هەزار گیراوی داعش، لە سوریاوە بگوازرێنەوە عێراق و لەوێ زیندانی بكرێن، ئەم كارەش وەك چاودێران شیكردنەوەی بۆ دەكەن، مەترسییەكی گەورەیە و ئاگایی و هێزێكی زۆری دەوێت، تا ئێستا دوو وەجبە لە دەستگیركراوانی داعش گواستراونەتەوە بۆ عێراق و ژمارەیان نزیكەی 400 كەس بوون و زۆربەیان عێراقیین.