لە کانی ماسێ 200 کیلۆ جگەری قەدەغەکراو لەناوبرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە بازاڕی ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی، 200 کیلۆ جگەری مریشک، کە قەدەغەیە، دەستی بەسەرداگیرا و دواتر لەناوبرا.
قایمقامیەتی قەزای ئامێدی ئەمڕۆ چوارشەممە لە فەیسبوکی خۆیان رایگەیاند، فرۆشگەیەک لە بازاڕی ناحیەی کانی ماسێ بڕی 200 کیلۆ جگەری مریشکی لە ناو کۆگاکەیدا هەبوو، کە فرۆشتنی قەدەغەیە.
لیژنەی ئابووری قایمقامیەتی ئامێدی دەستی بەسەر جگەرەکەدا گرت و سزای خاوەنی فرۆشگەکەشی دەرکرد.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەکانی قایمقامیەتی ئامێدی لە کانی ماسێ چوار جێگەی دیکەی بازرگانیان داخست لەسەر “پابەند نەبوون بە رێنماییەکان.”
“لیژنەی ئابووری هۆشداریدایە شوێنە بازرگانییەکان، پابەندی رێنماییەکانی لیژنەکە بن بۆ تازەکردنەوە و نوێنکردنەوەی مۆڵەتەکانیان،” قایمقامیەتی قەزای ئامێدی وا دەڵیت.