کارەبای 76 گوندەکەی کانی ماسێ هاتەوە

964+
عەمار عەزیز

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بەفر و باران و کەشوهەوای نالەبار، کارەبای نیشتیمانی 76 گوندی ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک بڕابوو، ئەمشەو کارەبایان هاتەوە، بە قسەی بەرپرسان.

ئارام جەلال، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا لە قەزای ئامێدی بە تۆڕی 964ی وت “کاتژمێر 8:20 خولەکی بەیانی بەهۆی بەفر و بارانێکی زۆر، هێڵی 33 کەیڤی لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ لە ناوچەی گابنێرکێ کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی بڕانی کارەبای 76 گوند”.

وتیشی، ئەوە دووەمجارە ئەو هێڵە لەکاردەکەوێت، پێش چەند ساڵێکیش بە هەمانشێوە لەکارکەوتووە و دواتر چاککراوەتەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، ئەمڕۆ ئەو گوندانە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 کاتژمێر کارەبایان نەبووە.

ئارام جەلال دەڵێت، دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکانی کارەبای قەزای ئامێدی، توانیویانە سەرلەئێوارە کارەبای نیشتیمانی ئەو گوندانە بگێڕنەوە و هێڵەکە چاکبکەنەوە.