پێشێلكردنی ئاگربەست
سوپای سوریا دەوروبەری كۆبانێی بۆردومان كرد و منداڵێک گیانی لەدەست دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەهۆی بۆردومانی سوپای حكومەتی كاتیی سوریا بۆ لادێیەکانی دەوروبەری کۆبانی، ئەمڕۆ منداڵێک گیانی لەدەست دا، ئەمەش لە كاتێكدایە ئاگربەست بۆ 15 رۆژ درێژكرایەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵ لە رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردنەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە هێرشی سوپای سوریای عەرەبی بۆ سەر ناوچەكانی دەوروبەری كۆبانێ هەبووە، كە پێشێلکارییەکی ئاشکرای رێککەوتننامەی درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حكومەتی كاتی و هەسەدەیە.
بە گوێرەی ڤیدیۆی بەردەست و زانیارییە میدیاییەكان، بە هۆی تۆپبارانەوە لە گوندی ئەلقاسمیە لە لادێیەکانی رۆژئاوای كۆبانێ، منداڵێک گیانی لەدەست دا و سێ هاوڵاتی دیكەش بریندار بوون، ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوانیش لە ناو دانیشتووانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە.
تۆپبارانی سوپاكەی ئەحمەد شەرع چەند ناوچەیەکی کردە ئامانج، لەوانە گوندەکانی زەریک و ئەلقاسمیە لە رۆژئاوای کۆبانی، هەروەها گوندی ئەلجەلەبییە لە لادێیەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانی. ئەمەش بووە هۆی زیانێکی ماددی بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان.
ئەم تۆپبارانە تاڕادەیەك چاوەڕواننەكراو بوو، بە تایبەتی درەنگانی شەوی رابردوو رێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حكومەتی كاتیی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە فەرمی راگەیاندرا.