ئاڵای عێراق. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
دەڵێن، پووچەڵمان کردوونەتەوە
رۆژانە 220 هێرش ژێرخانی ئەلیکترۆنی حکومەت دەکەنە ئامانج
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ شەممە، سەنتەری نیشتمانی ئاسایشی ئەلیكترۆنی لە نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی تەكنیكی گشتگیری بەرێوەبرد، بۆ بەرپەرچدانەوەی شەپۆلەكانی هێرشە ئەلیكترۆنییەكان كە ژێرخانی تەکنیکی عێراق دەکەنە ئامانج،
بەرپرسی سەنتەرکە ئاشکرای دەکات، كارمەندەكانیان سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵكردنەوەی نزیكەی 220 هێرش كە رۆژانە سیستەمەكانی حكومەت دەكەنە ئامانج.
بەرپرسی سەنتەری نیشتمانی ئاسایشی ئەلیكترۆنی سەر بە نوسینگەی سەرۆك وەزیران، عەلی حسێن، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، سەرەڕای دامەزراندنی ئەم دواییەی وەك قەوارەیەكی تایبەتمەند، بەڵام سەنتەرەكە لەسەر ئەو هەوڵانە بنیات دەنێت كە لە ساڵی 2011 دەستیپێكردووە.
ئەو وتی، سەنتەرەكە لە ئێستاوە دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی نەخشەڕێگایەك كە بریتییە لە دەستپێكردنی سیاسەت و ستراتیژی و رێساكانی بەڕێوەبردنی كارەكانی ئاسایشی ئەلیكترۆنی، بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەیی تەكنیكی، پێشكەشكردنی راهێنانی بەردەوام بۆ كارمەندان، و ئامادەكاری بۆ قۆناغی بەرزكردنەوەی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی دوای تەواوكردنی چوارچێوە ڕێكخراوەییەكان.
سەبارەت بە پێكهاتەی جێبەجێكردن، حسێن روونیكردەوە كە سەنتەرەكە لەناو نوسینگەی سەرۆك وەزیراندا كاردەكات، بەڵام لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتدا قۆڵی جێبەجێكردنی هەیە، لەگەڵ زیاتر لە 75 تیمی لاوەكی كە لە نزیكەی 300 پسپۆڕ پێكهاتوون كە بەسەر هەموو وەزارەتەكاندا دابەشكراون.
بەڕێوەبەری سەنتەرەكە ئاماژەی بەوەدا، هەموو وڵاتان لە جیهاندا تووشی هەزاران هێرشی ئەلیكترۆنی دەبن، عێراقیش بەدەر نییە، وە ژمارەی هێرشەكان بەردەوام لە هەڵاوساندایە و راستەوخۆ كاریگەریی لەسەرە بەهۆی رووداوەكانی دەوروبەر و ئێستای جیۆپۆلەتیكی، هەروەها پەرەپێدانی تەكنەلۆژیای زیرەكی دەستكرد كە ئێستا بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان بەكاردەهێنرێن.