پێشوازیان لێکرا
دوای 5 رۆژ لە گەمارۆ؛ شەڕڤانان لە زیندانی “ئەقتان”ـی رەققە کشایەوە
964+
وریا فەتاح
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە زیندانی “ئەقتان” لە شاری ڕەققە راگەیاند، کە تایبەت بوو بە دەستبەسەرکردنی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش.
کشانەوەکەی هەسەدە دوای ئەوە دێت، لە 18ـى ئەم مانگەوە زیندانەکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە “حکومەتی کاتی” (کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات) رووبەڕووی هێرشی چڕی چەکی قورس و درۆن ببووەوە.
لە ماوەی 5 رۆژی رابردوودا، شەڕڤانانی قەسەدە لە ناو زیندانەکەدا گەمارۆ درابوون و ئاو و کارەبایان لێ بڕابوو، بەڵام بۆ رێگری لە راکردنی زیندانیانی داعش بەرگرییان کردووە.
شەوی رابردوو، قەسەدە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەو زیندانە دا و سەرجەم ئەو هێزانە گەیشتنە ناو شاری کۆبانێ.
زیندانی ئەقتان یەکێکە لەو شوێنانەی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرە، چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هەسەدە بەیاننامەیەکی فەرمی لەسەر چارەنووسی زیندانییەکان و وردەکاریی کشانەوەکە بڵاوبکاتەوە.