بەدوای هۆکاری کۆچی گەنجاندا دەگەڕێت
قەڵادزێ، بەریتانیاى هێنایە دەنگ
964+
وریا فەتاح
لە قەڵادزێ، باس و خواسى سەرەک خێزان و کافتریا و شوێنە گشتییەکان کۆچى گەنجانە، زۆرینەى ئەوانەش کە لە کوردستانەوە کۆچ دەکەن و کۆچیان کردووە، دانیشتووى ئەو سنوورەن، هەربۆیە ئەمڕۆ شاندێکى قونسوڵخانەى بەریتانیا چوونە قەڵادزێ دەیانەوێت لە هۆکارى کۆچى گەنجان بکۆڵنەوە.
ئەبوبەکر بایز، قائیمقامی قەزای پشدەر لەبارەی وردەکاریی کۆبوونەوەکە بە 964ی راگەیاند، گفتوگۆکە یەک کاتژمێری خایاندووە و تیشک خراوەتە سەر ئەو پاڵنەرانەی وایکردووە پشدەر ببێتە یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین کۆچی بۆ بەریتانیا لێوە دەکرێت.
قائیمقامی پشدەر دەڵێت، بە راشکاوی وەڵامی شاندە بەریتانییەکەمان داوەتەوە و پێمان وتوون: “بێکاری و نەبوونی ئایندەیەکی روون هۆکاری سەرەکین؛ گەنجان زانکۆ تەواو دەکەن بەڵام هیچ دەرفەتێکیان پێنادرێت، ئەمەش وایان لێدەکات رێگەی مەترسیداری کۆچ بگرنەبەر.”
بەپێی وتەی قائیمقام، شاندەکەی کونسوڵخانەی بەریتانیا مەبەستیان بووە لە نزیکەوە گوێیان لە هۆکارەکان بێت، تاوەکو بتوانن لە ئایندەدا میکانیزمێک یان رێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە، یان لانی کەم رێگری لەو لێشاوە گەورەیەی کۆچ بکەن کە ڕووی لە وڵاتەکەیان کردووە.
سنووری قەزای پشدەر لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لەو ناوچانەی زۆرترین گەنجی لێوە کۆچی کردووە و بەشێکی زۆری ئەو گەنجانەش روویان لە وڵاتی بەریتانیا کردووە.