هەڵەبجە بۆ پشتگیریی رۆژئاوا خۆپێشاندان دەكات
“هیچ هێزێک ناتوانێ كورد بڕوخێنێت”
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.6.2026 هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجەی شەهید بۆ پاڵپشتی كوردانی رۆژئاوا خۆپێشاندانیان دەستپێكرد.
ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان، كە هاوڵاتی رۆژئاوای كوردستانیشیان تێدایە و لە ناو بازاڕی هەڵەبجە رێپێوان و خۆپێشاندانیان دەستپێكردووە.
ئەوان دروشمی پشتگیرییان بۆ رۆژئاوا و كوردانی ئەوێ بەرزكردووەەوە.
دوو كچی گەنج كە خۆپێشاندەرن، بۆ 964 قسەیان كرد و رایانگەیاند، كورد هەریەكە و هیچ هێزێك ناتوانێت بیڕوخێنێت و لەناوی ببات.
یەكێك لەو كچانە ناوی نەشما بەختیارە و دروشمێكی بە زمانی ئینگلیزی بەدەستەوەیە و لێی نووسراوە “جگە لە چیاكان دۆستمان نییە”.
نەشما خوێنگەرمە و دەڵێت، “پەیامم بۆ دوژمن ئەوەیە هیچ هێزێك ناتوانێت كورد بڕوخێنێت”.
چەند رۆژێكە هاوڵاتیانی كورد لە باشوور و باكوور و هەروەها لە ئەوروپا بۆ پشتگیری لە كوردانی رۆژئاوا دەستیان بە چالاكی مەدەنی و خۆپێشاندان كردووە و پەیامیان بۆ دنیا ئەوەیە، كورد هەموو یەكن و پشتگیری لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا