964 هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى ئه‌یوب ئاشكرا ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی زانیاریه‌ تایبه‌ته‌كانى 964، ئه‌یوب ئه‌و مێردمنداڵه‌ ته‌مه‌ن 13 ساڵییه‌ى له ‌مانگى رابردوو ونبوبوو و دواتر به‌ مردوویی دۆزرایه‌وه‌، هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى “خوێن به‌ربوونى ده‌ماغ”ـه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ پزیشكی دادى هه‌ولێر ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، دواى ئه‌نجامدانى توێكارى بۆ ته‌رمى ئه‌یوب و ئه‌نجامدانى پشكنین بۆ زانینى هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ “خوێنبه‌ربوونى ده‌ماغ”ـه‌،

پێشتریش له‌كاتى ونبونى كوڕه‌كه‌ى، ئه‌حمه‌د باوکى ئه‌یوب رایگەیاندبوو، کە كوڕه‌كه‌ى حاڵه‌تى “پەرکەم”ی لەگەڵدایە، ئەوەش جۆرە نەخۆشییەکە کە مرۆڤ لە هۆشی خۆی دەچێت و ئاگای لە هیچ نامێنێت.

دره‌نگانى ئێواره‌ى رۆژى‌ 5.2.2023، دواى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌یوب به‌ مردوویی، بریار له‌سه‌ر توێكاریكردنى ته‌رمه‌كه‌ى، له‌ پزیشكى دادى هه‌ولێر درا، بۆ ئه‌وه‌ى هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ى گیان له‌ده‌ستدانى ئاشكرا بكرێ.

رۆژی 24.1.2023 ئه‌یوب له‌ماڵ چوبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وكات بنەماڵەکەی پێیانوابوو بەرەو ئاڕاستەی شەقامی 150 مەتری هەولێر رۆیشتووه‌، بەڵام  له‌لایه‌ن خه‌ڵك و چه‌ندین تیمی تایبه‌تى حكومه‌ته‌وه‌ گه‌ڕان به‌دواییدا به‌رده‌وام بوو و هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوت، تا دوای 13 رۆژ لە ونبوونی، پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند كه‌ تەرمەکەیان لە سنووری ناحیەی کەسنەزان دۆزیوەتەوە.