داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت هاوکاریان نەکەن
ئاماری فەرمی “230 منداڵ لەسەر شەقامەکانی هەولێر و سۆران سواڵ دەکەن”
964+
رێباز خدر – هەولێر
سواڵکردن بووەتە دیاردە و رۆژ بە رۆژیش لە زیادبوون دایە، بەپێی ئامارێکی فەرمیش 230 منداڵ لەسەر شەقام و تڕافیکلایت و شوێنە گشتیەکانی هەولێر و ئیدارەی سۆران ئەم کارە دەکەن.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر بە 964 ی وت، پڕۆژەیەکیان لەگەڵ رێکخراوی یونیسێف هەبووە بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە و بۆیان دەرکەوت کە لە سنوری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، 230 منداڵ ئەم کارە دەکەن.
وتیشی “70٪ ی ئەم منداڵانە خەڵکی دەرەوەی هەولێر و سۆرانن و بەشێکی زۆریان لە موسڵ و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی 23 توێژەری کۆمەڵایەتی بەشێوەی مەیدانی سەردانی ئەم منداڵ:انەیان کردووە و بۆیان ئاشکرا بووە کە لە %60 خێزانی ئەو منداڵانە هەژار نین بارودۆخی داراییان باشە، تەنیا %40 یان بارودۆخیان خراپە و وەک پێویست نین.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات بەهیچ شێوەیەک وەکو هاوکاری کردن پارە بەم منداڵانە نەدەن چونکە دەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی هانی ئەو منداڵانە بدەن کە واز لەو دیاردەیە نەهێنن.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن