"هەزار شۆفێر بێکاربوون"
شۆفێرانی گەراجی بەغدا لە کەرکوک گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
شۆفێرانی گەراجی بەغدا لە کەرکوک دژی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ئەندرەپاس گردبوونەوە و دەڵێن، چەند دەرگایەکی گەراجەکەیانی داخستووە.
عەباس عەلی یەکێک لە شۆفێرانی گەراجەکە بە 964ـی وت، “ناچارین لەسەر جادە نەفەر باربکەین، سەیارە خسووسییەکان نەفەر باردەکەن بە 50 هەزار و 60 هەزار دینار، خوا قبوڵ ناکات، ئێمە بە 40 هەزار دینار نەفەر بار بکەین”.
فواد نەجمەدینـیش یەکێکی دیکەیە لە شۆفێرە ناڕازییەکانی گەراجی بەغدا لە کەرکوک، ئەو دەڵێت، “ئەو پرۆژەیە دەبوو بە سێ مانگ تەواو بکرایە، کەچی نۆ مانگە تەواو نەکراوە، چوار کرێکار کاری تێدا دەکات، دەبێت نەفەر بەسەر دیوارەوە بێتە ناو گەراج”.
“لە ئێستادا هەزار شۆفێری ئەم گەراجە بێکارە”، فواد نەجمەدین وای وت.
داوایشی کرد، دەرگایەک لەڕووی شەقامەکەوە بۆ گەراجەکە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی نەفەرەکانیان لەکیس نەچێت و بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتی خۆیان.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە مەجید حەسەن لە سەندیکای کرێکاران، ئەو وتی، “چەند جارێک لە گەڵ بەرپرسی پڕۆژەکە قسەمان کردوە و بێسوود بووە، پێویستە ئیدارەی کەرکوک کێشەکە یەکلایی بکاتەوە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری