بەهەشتێک لە جوانى

شەرانشێ؛ ئەو تاڤگەیەی لە زستاندا دەبێتە بەستەڵەک و لە هاویندا فێنککەرەوەی زاخۆیە

964+

وریا فەتاح

تاڤگەی شەرانشێ، کە بە یەکێک لە جوانترین و ناوازەترین شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەى زاخۆ دادەنرێت، ساڵانە هەزاران گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات رادەکێشێت. ئەم شوێنە تەنیا بۆ گەشتوگوزاری هاوینە نییە، بەڵکو لە زستاندا و پاییزدا دیمەنێکی سیحراوی پێشکەش دەکات.

تاڤگەى شەرانشێ، دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری زاخۆ، بە دووری نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە، لە نزیک گوندى شەرانشێ و ناوچە شاخاوییە بەرزەکانى دەورووبەرى هەڵکەوتووە کە بە دارستانی چڕ و سروشتێکی سەوز دەورەدراوە.

ئاوەکەی لە لوتکە شاخەکانەوە دێتە خوارەوە و دەچێتە ناو حەوزێکی سروشتی، کە دەورەدراوە بە ئەشکەوت و تاشەبەردی گەورە.

بەهۆی بەرزییەکەی لە ئاستی دەریاوە، پلەی گەرمای لە ناوەڕاستی هاویندا لە 30°C تێپەڕ ناکات، ئەمەش وای کردووە ببێتە پەناگەی هاوڵاتیان بۆ راکردن لە گەرمای شارەکان.

پایزیى شەرانشێ دیمەنەکەى ناوازەیە، گەڵا و دارە رەنگەوڕەنگەکانى ناوچەکە، بەهەشتێک لە جوانى دروست دەکات، لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی شاخاوییە و بەفری لێ دەبارێت، زۆرجار لە چلەی زستاندا ئاوی تاڤگەکە دەیبەستێت و دەبێتە “شەختە”، ئەمەش دیمەنێکی دەگمەن دروست دەکات کە وێنەگران و شاخەوانان بۆ لای خۆی کێش دەکات

.

لە ساڵانی دواییدا، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گرنگییەکی زۆری بە ڕێگەوبان و خزمەتگوزارییەکانی دەوروبەری تاڤگەکە داوە، ئێستا رێگای گەیشتن بە تاڤگەکە قیرتاو کراوە و شوێنی مانەوە و پشوودان بۆ گەشتیاران دابینکراوە، بەڵام سروشتە کێوییەکەی وەک خۆی پارێزراوە.

دوو گەنج؛ ناوچەیەکى گەشتیارى پاکدەکەنەوە

دوو گەنج؛ ناوچەیەکى گەشتیارى پاکدەکەنەوە