وەزیری تەندروستی دەچێتە پەرلەمان

964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی وەزیری تەندروستی دەکات. هۆکارەکەی یەکخستنی یاسای سەندیکاکانی سەر بە وەزارەتەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 7.3.2023 لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا وەزیری تەندروستی بانگهێشتی لیژنەکەیان بکەن.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، ئەم هەفتەیە نووسراوی بانگهێشتەکە بۆ وەزارەتی تەندروستی دەنێردرێت و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتووشدا وەزیر کاتی سەردانەکەی دیاری دەکات.
جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ژمارەیەک یاسای سەندیکاکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی هەن و دەمانەوێت یەکیان بخەین.
دەشڵێت؛ بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە گفتوگۆیە لەگەڵ وەزیری تەندروستی تا بۆچوونەکان یەک بخرێن و یەک یاسای یەکگرتوو دەربکرێت، کە کاروباری سەرجەم سەندیکاکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی رێکبخات.
لە هەرێمی کوردستان شەش سەندیکای تەندروستیی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بوونیان هەیە.