21ـى ئەم مانگە جێبەجێ دەکرێت
ئیدارەی ترەمپ ڤیزای کۆچبەری بۆ 75 وڵات راگرت؛ عێراقیش لە لیستەکەدایە
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە شێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەیەکی نادیار، پرۆسەی پێدانی ڤیزای کۆچبەر (Immigrant Visa) بۆ هاووڵاتیانی 75 وڵاتی جیهان رابگرێت، کە عێراق و ئێران و چەندین وڵاتی تری ناوچەکە لە لیستەکەدان.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە بڕیارەکە لە رۆژى 21.1.2026، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وڵاتە دیارەکان کە لە لیستەکەدان:
عێراق، ئێران، رووسیا، ئەفغانستان، سۆماڵ، نایجیریا، بەڕازیل، میسر، یەمەن و تایلەند.
بۆچى ئەو بڕیارە دراوە؟
حکومەتی ئەمریکا دەیەوێت رێگری بکات لە هاتنی ئەو کەسانەی دەبنە “بارگرانی بۆ سەر بودجەی گشتی و لە هاوکارییە دارایی و سۆشیال و تەندروستییەکانی ئەمریکا سوودمەند دەبن.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکە، ئۆفیسەرەکانی کونسوڵخانە ڤیزا رەتدەکەنەوە بۆ هەر کەسێک کە پێشبینی بکرێت لە داهاتوودا پشت بە هاوکاریی حکومی ببەستێت، بە رەچاوکردنی ئەم خاڵانە:
تەمەن و باری تەندروستی (ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە یان کێشیان زۆرە -Overweight- رەنگە ڤیزایان پێنەدرێت).
ئاستی زمانی ئینگلیزی.
باری دارایی و سەرمایەی کەسی.
مێژووی بەکارهێنانی هاوکارییە داراییەکانی حکومەت لە رابردوودا.
لە بارەى بڕیارەکەوە، تۆمی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند: “ناهێڵین هاووڵاتیانی بیانی سوود لە دڵئاوایی گەلی ئەمریکا و پرۆگرامەکانی خۆشبژێوی وەربگرن، بۆیە پرۆسەکە رادەگرین تا دووبارە شێوازی پشکنین و هەڵسەنگاندنەکان رێکدەخەینەوە.”
ئەم بڕیارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بە ڤیزای کۆچبەری بچنە ئەمریکا و جێگیر بن، نەک ڤیزای گەشتیاری یان کاتی، مەگەر لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا نەبێت.