10 هەزار هێرش بە بەکارهێنانی 16 هەزار جۆر تەقەمەنی
ئیسرائیل نوێترین ئاماری هێرشەکانی بۆ سەر ئێران لە سەرەتای جەنگەوە بڵاوکردەوە
فەرهاد حەسەن
سوپای ئیسرائیل، ئامارێکی سەرەتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای جەنگەوە سەدان گەشتی ئاسمانی و هەزاران هێرشی لەناوەوە و دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، زیاتر لە 800 گەشتی هێرشبەریی، نزیکەی 10 هەزار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، بە بەکارهێنانی نزیکەی 16 هەزار تەقەمەنی جۆراوجۆر، کە بەهۆیانەوە نزیکەی چوار هەزار ئامانجیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێستا دەتوانرێت ئاشکرا بکرێت کە لە دوای پڕۆسەیەکی چڕی دەستنیشانکردن و پلاندانان کە لەلایەن هەواڵگری و هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، زیاتر لە پێنج هەزار ئامانجی نوێ دەستنیشانکراون، لەنێویاندا هەزاران گروپ و چەکدار کە دواتر لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئۆپەراسیۆنەکان تەنیا لە ئێراندا نەبوونە، بەڵکو بۆ بەرەکانی دیکەش درێژبونەتەوە، بەو پێیەی نزیکەی حەوت هەزار ئامانجی دیکە لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا پێکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە ناوی بردوە بە “شەڕی فرە بەرەیی”.
دوێنێ سێشەممە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هەڵمەتە سەربازییەکان بۆ “تێکشکاندنی رژێمی تیرۆریستی لە ئێران”، جەختیشی لەوەشکردەوە کە ئەو جەنگەی زیاتر لە مانگێکە دەستیپێکردووە “کۆتایی نەهاتووە”.
ئەم هەڵوێستانەی نەتەنیاهۆ دوای ئەوە هات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران وتبووی، کە وڵاتەکەی “ئیرادەی کۆتاییهێنان بە جەنگی هەیە”، بەڵام داوای “گەرەنتی بۆ دووبارە نەبونەوەی دەستدرێژییەکان” دەکات.