لە زینی وەرتێ
پێشمەرگەیەک کەوتە ژێر شۆفڵ و گیانی لە دەستدا
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە زینی وەرتێ پێشمەرگەیەک کەوتە ژێر شۆفڵی راماڵینی بەفر و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی قسەی شایتحاڵەکان، کە لە شوێنی رووداوەکە قسەیان بۆ پەیامنێری 964 کردووە، ئەو پێشمەرگەیە لە فەوجی یەکی لیوای حەوتی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، خەڵکی ناحیەی گەڵاڵەی باڵەکایتیە و دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەیە لە ئیدارەی راپەڕین.
هەژار حاجی، سەرۆکی شارەوانی وەرتێ بە 964ـی وت، رووداوەکە لە سنووری ئێمە بووە، تەواوی تیمە پێویستەکان لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ چوونە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دانیشتووی چوارقوڕنەن تەرمەکەی بەڕێکرایەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیدارەی راپەڕین.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە 964 دراوە، شۆفڵەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگای رەبایەکی پێشمەرگە بووە، ئەو پێشمەرگەیە لە پشتی شۆفڵەکە بووە خەریکی ڤیدیۆکردنی بەفر و ئیش کردنی شۆفڵەکە بووە، شۆفڵەکە گەڕاوەتە دواوە ئەو کەسەی نەبینیوە تاکو بەسەری کەوتووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی