نزیکەی 10 ماتۆڕسکیلیان دزیوە و فرۆشتووەتەوە

کەرکوک؛ ئەو باندە دەستگیرکران کە ماتۆرسکیلیان دەدی و رەنگیان دەگۆڕین

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

پۆلیسی کەرکوک باندێکی چوار کەسی دەستگیر کرد، کە پسپۆڕ بوون لە دزینی ماتۆڕسکیل و گۆڕینی شێوە و رەنگیان بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، باندەکە دوای دزینی هەر ماتۆڕێک، دەستبەجێ رەنگەکانیان گۆڕیون و وەک ماتۆڕێکی نوێ لە بازارەکانی کەرکوکدا فرۆشتوویاننەتەوە، بەڵام کامێراکانی چاودێری پلانەکانیانی تێکدا.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی لە چەند بنکەیەکی جیاواز سکاڵای دزینی ماتۆڕسکیلەکانیان تۆمارکرد، تیمێکی تایبەت بە سەرپەرشتی عەمید عەمار تائی، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەدواداچوونی مەیدانیی ئەفسەر یەحیا نەبیل و بنکەی پۆلیسی میقداد پێکهێنرا. تیمەکە لە رێگەی لێکۆڵینەوەی ورد و پشکنینی کامێراکانی چاودێری، توانیان شوێنی باندەکە بدۆزنەوە کە لە چوار گەنج پێکهاتبوون و دەستگیریان بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو باندە تاکو ئێستا دانیان بە دزینی نزیکەی 10 ماتۆڕسکیلدا ناوە، شێوازی کارکردنیان بەو جۆرە بووە کە دوای دزینی ماتۆڕەکان، رەنگیان گۆڕیون و جوانکارییان بۆ کردوون تا بە هیچ شێوەیەک لەلایەن خاوەنە رەسەنەکانیانەوە نەناسرێنەوە، ئێستا تۆمەتبارەکان دەستبەسەرن و پەڕاوی یاساییان بۆ رێکخراوە تا رەوانەی دادگا بکرێن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

باندێکی دزیکردن لە کەرکوک دەستگیر کران

باندێکی دزیکردن لە کەرکوک دەستگیر کران