هاتوچۆ لە مەرزى کێلێ دەستى پێنەکردووەتەوە

پاککردنەوەى رێگاکانى ئیدارەى  راپەڕین لە بەفر یەک هەفتەى پێویستە

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە لە حەوت رۆژى رابردوودا، هەشت تیمى بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى راپەڕین لە کاردان بۆ پاککردنەوەى رێگاوبانەکانى سنوورەکە لە بەفر، بەڵام هێشتا هەفتەیەکى ترى پێویستە بۆ ئەوەى سەرجەم رێگاکان پاک بکرێنەوە، رێگاى مەرزى کێلێش ئەمڕۆ و سبەى پاک دەکرێتەوە.

محەمەد ناسر، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە 964ـى وت،”لە رۆژی 27ی مانگی رابردووەوە، بە هەشت تیم سەرقاڵى پاککردنەوەى رێگاوبانەکانى سنوورى ئیدارەى راپەڕینین، بەڵام هێشتا هەفتەیەکى ترمان پێویستە بۆ ئەوەى سەرجەم رێگاکان لە بەفر پاک بکرێنەوە”.

وەک ئەوەى باسى کرد، رێگاکانیان پاککردنەوە، بەڵام بەهۆى دووبارە بارینەوەى بەفر جارێکى تر رێگاکان گیرانەوە.

لەبارەى رێگاى مەرزى کێلێ، ئەو ئەندازیارە وتى،” دوێنێ دەستمان پێکردووە و ئەمڕۆ و سبەینێ پاککردنەوەى رێگاکە تەواو دەبێت، هەرچەندە تا ئێستا لە دیوى ئێرانەوە پاکنەکراوەتەوە”.

ئاشکراشى کرد، لە ئێستادا زۆرێک لە رێگا سەرەکییەکان پاککراونەتەوە لەوانە (رێگاى گوندى شێنێ، رێگاى بنارى قەندیل و گوندەکانى، رێگاکانى دۆڵى خۆشناوەتى، رێگاى قەرەسر کە ئیدارەى راپەڕین بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە).

لە 27ـى 12ـى ساڵى رابردووە، دوو شەپۆلى بەفربارین سنوورى ئیدارەى راپەڕینى گرتووەتەوە و لە هەندێ شوێن بەتایبەت لە سنوورى مەرزى کێلێ زیاد لە یەک مەتر بەفر باریوە.

ئەم دوو رۆژە بەتەماى کردنەوەى مەرزى کێلێ مەبن

ئەم دوو رۆژە بەتەماى کردنەوەى مەرزى کێلێ مەبن