زۆرترین رۆژنامەنووس ئەمساڵ لە فەڵەستین كوژراون
533 رۆژنامەنووس زیندانی كراون
ئەمساڵ 128 رۆژنامەنووس لە جیهاندا كوژراون
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەپێی ئەو ئامارانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان (IFJ) بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی 2025دا 128 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون، کە زیاتر لە نیوەی ئەو رۆژنامەنووسانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژراون.
ئەنتۆنی بێلانگی، سکرتێری گشتی IFJ وتی: “ئەم ژمارەیە کە زیاترە لە ساڵی 2024، تەنیا ئامارێک نییە، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی سووری جیهانییە بۆ هاوکارەکانمان.”
رێکخراوەکە نیگەرانی تایبەتی خۆی لە دۆخی ناوچەی فەڵەستین دەربڕی کە لە ماوەی ساڵێکدا 56 رۆژنامەنووس کوژراون.
بێلانگی وتی: “پێشتر شتێکی لەم شێوەیەمان نەبینیوە: ئەوەندە زۆر کوژراون لە ماوەیەکی وا کورتدا، لە ناوچەیەکی وا بچووکدا.”
هەروەها ئەمساڵ رۆژنامەنووسان لە یەمەن، ئۆکرانیا، سودان، پیرۆ و هیندستان کوژراون.
بێلانگی ئیدانەی ئەو “بێ سزای”یەی کرد، کە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە چێژیان لێ وەردەگرن و هۆشداری دا، “بەبێ دادپەروەری، بکوژانی رۆژنامەنووسان دەتوانن گەشە بکەن.
هەروەها IFJ نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو 533 رۆژنامەنووسەی لە سەرانسەری جیهاندا زیندانی کراون، کە زیاتر لە چارەگێکیان لە چین و هۆنگ کۆنگن.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی ئاسایی ژمارەی کوژراوانی ساڵانە زیاتر لە رۆژنامەنووسانی بێ سنوور بڵاودەکاتەوە، كە ئەمەی دوایی لە ساڵی 2025دا بڵاویكردەوە 67 رۆژنامەنووس کوژراون، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر شێوازی هەژماركردنەكە، بە تایبەتی كە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی، ئەو رۆژنامەنووسانەش هەژمار دەكات، کە بەهۆی رووداوەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوكات رێكخراوی یونسکۆ، لە ماڵپەڕەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، 93 رۆژنامەنووس لە ساڵی 2025دا لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون.