35 سەرەمەڕ بۆ خواردن و ملیۆنان لیرە وەک دیاری

ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە شرناخی باکووری کوردستان هەرای ناوەتەوە

فەرهاد حەسەن

ئاهه‌نگێكی بووکگواستنەوە لە شرناخی باكوری كوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام رووداوێکی ئاسایی نەبووە، چونکە قەبارەی ئەو دیارییانەی پێشکەشی بووک و زاواکە کرابوون، لە حەد بەدەربوو، کە تەنیا پارەکان گەیشتبووە 15 دەفتەر دۆلاری ئەمریکی و 35 سەرەمەڕیشیان بۆ خواردن بەکارهێناوە.

رۆژنامەی (زەمان)ی تورکی بڵاویکردووەتەوە کە ئاهه‌نگی بووک گواستنەوەکە‌ لە گوندی موتلودجای سەر بە ناوچەی بێشەباب بەڕێوەچو و دوو رۆژی خایاندووە، هەزاران میوان کە لە گوندەکانی دەوروبەر و دەرەوەی وڵاتەوە هاتبون بەشدارییان کرد، هاوکات لەکاتی ئاهەنگەکاندا هەڵپەڕکێی فۆلکلۆریی پێشکەش کراوە و ئاڵایەکی گەورەی تورکیاش بەرزکراوتەوە.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، بەهای ئەو دیارییانەی پێشکەش بە بووک و زاواکە کراون گەیشتوەتە شه‌ش ملیۆن لیرەی تورکی، کەدەکاتە نزیکەی 150 هەزار دۆلاری ئه‌مریكی، بە یەکسانی دابەش بووە لەنێوان خشڵی زێڕ بۆ بوکەکە و بڕە پارەی کاش بۆ زاواکە.

بۆ ئامادەکردنی ژەمە نانی زەماوەندەکە، 35 سەر مەڕ سەربڕدران بۆ نانخواردنی ئەو جەماوەرە زۆرەی کە بەشدار بوون، ئەوەش دیمەنێک بوو کە کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و بەکارهێنەران وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی ئاهەنگەکەیان بڵاوکردەوە.

سەیفوڵڵا ئینگین، كه‌سوكاری زاواکە دەڵیت، بەهای دیارییەکان گەورە بوون، بەڵام گرنگترین شت بۆ خێزانەکە رۆحی هاوپشتی و تەبایی نێوان ئامادەبووان بووە، کە خۆی بە شەخسی دیارییەکی بە بەهای 250 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 6.3 هەزار دۆلار) پێشکەش کردوە.

رۆژین ئەرجان، بوکی زەماوەندەکە خۆشحاڵە بەوەی لە ئاهەنگەکەی روویداوە و جەختی کردەوە کە بەشداریکردنی خزم و دۆستان گرنگترین یادەوەرییە بۆ ئەو، لە کاتێکدا مامی زاواکە سوپاسی هەموو ئەو میوانانەی کرد کە لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیاوە هاتبوون، بووکەخان پێیوایه‌ ئەو بۆنەیە لە یادەوەریی خەڵکی ناوچەکەدا بە زیندویی دەمێنێتەوە.

ئاهه‌نگه‌كه‌ کاردانەوەی بەربڵاوی لەنێوان بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا دروستکرد، بە شێوەیەک را و بۆچوونەکان دابەش لەنێوان ئەوانەی کە بە بەرجەستەکردنی دابونەریتە بۆماوەییەکانیان ناوبرد و ئەوانەی کە پێیانوایه‌ قەبارەی خەرجییەکان زێدەڕۆییە لە تێچوی ئاهەنگێکی ژنھێناندا دابەش بوبوون، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئابوریی ئێستادا.