تەنیا رێگە بە کاسبکارانی کورد دەدرێت کار بکەن و 80%ـی فرۆشیارە بیانییەکان دوورخرانەوە
بازاڕی گەورەی هەولێر رێکخرایەوە
ژێوار خدر
هاتوچۆی هاوڵاتیان و شۆفێران لە بازاڕی گەورەی سەنتەری هەولێر ئاسایی بووەوە و جەنجاڵی سەر شەقامەکان نەما، ئەمەش دوای دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی رێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە کە بووە هۆی کردنەوەی سەرجەم رێگاکان.
شارەوانی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانیان بە هاوکاری پۆلیسی شارەوانی بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە نوێیەکان کردووە، لەم قۆناغەشدا تەنیا رێگە بە کاسبکاران و فرۆشیارانی کورد دەدرێت کارەکانیان ئەنجام بدەن، بەو مەرجەی پابەندی رێکخستنەوەی شەقامەکان بن و سیمای شار و خاوێنی ژینگە بپارێزن و رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغی بکەن.
روونیشیکردووەتەوە، ئەم بازاڕە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە رۆژانی هەینیدا بە تەواوی دادەخرا و جەنجاڵییەکی زۆری تێدا دروست دەبوو، چونکە 80%ـی فرۆشیارەکانی کەسانی بیانی بوون و دوای کارەکانیان بڕێکی زۆر پاشماوە و زبڵیان لە دوای خۆیان بەجێدەهێشت، ئەمەش ئەرکی تیمەکانی خاوێنکردنەوەی قورس کردبوو و سیمای شارەکەی تێکدابوو، بەڵام لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی هەڵمەتەکە کە کردنەوەی رێگاکانە بە تەواوی بەدی هاتووە.