لە کۆی 400 هەزار تۆنەکە
بازرگانی عێراق: تاوەکو ئێستا 150 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرای کرد تاوەکو ئێستا لە کۆی ئەو 400 هەزار تۆن گەنمەی بۆ هەرێمی کوردستاان داندراوە وەربگیرێت تەنیا 150 هەزار تۆنی وەرگیراوە و سایلۆکانیش بەردەوامن لە وەرگرتن.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی بازرگانی سەركەوتنی پلانی بەبازاڕكردنی گەنمی بۆ وەرزی ئێستای راگەیاند، دووپاتی كردەوە كە تاوەکو ئێستا بڕی گەنمی وەرگیراو لەسەرتاسەری وڵات چوار ملیۆن تۆنی تێپەڕاندووە.
حەیدەر نوری گەرعاوی، بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تاكو دوێنێ هەینی بڕی ئەو گەنمەی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەبازاڕكراوە گەیشتووەتە 4.1 ملیۆن تۆن، ئاماژەی بەوەشكرد، تەواوی فرۆشگاكانی بەبازاڕكردن لە سەرجەم پارێزگاكان داخراون، جگە لە پارێزگاکانی كەركوك، نەینەوا، سلێمانی، هەولێر، و دهۆك) ئەویش بەهۆی درەنگ دەستپێكردنی وەرزی دروێنە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕە گەنمەی لە هەرێمی كوردستانەوە وەرگیراوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 150 هەزار تۆن، لە دەرەوەی پشكی تەرخانكراوی هەرێم كە 400 هەزار تۆنە، كارەكانی بازاڕكردنیش بەردەوامە بۆ وەرگرتنی ئەو 250 هەزار تۆنەی كە دەمێنێتەوە.