لە سلێمانی
یارییە ئاگرینییەکان قەدەغەیە و بەرناکەوێ
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
سەرەڕای قەدەغەی فرۆشتنیان، یاریە ئاگرینەكان لەبازاڕدا زۆر و زەوەندە و ئەمڕۆش زۆرترین كڕیاریان هەیە، هەریەك لە جۆرەكانی گورگ، پەپولە، ساروخ، ناپاڵم، شەقی جاكشان، چكلێت، منەوەر، سندوقی و سمۆك لەبازاڕەكاندا دەفرۆشرێن.
ئەمڕۆ بایی 300 هەزار دەست بەسەر یاری ئاگرین گیراوە.
كارزان محەمەد، فرۆشیاری یارییە ئاگریینەكانەو بە 964ی وت، لەدوانیوەڕۆ وە چەندین كارتۆن لە یارییە ئاگرینەكانمان لە لایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە، چەند كاسبكارێكین لە بەر بەلەدێكەی سلێمانی و تەنیا دوو رۆژ پێش سەری هەموو ساڵێك بازاڕمان هەیە، هەر ئەمڕۆ بایی 300 هەزار دینارمان دەستی بەسەردا گیراوە.
وتیشی، هەموو جۆرەكانی یارییە ئاگرینەكانمان لا دەست دەكەوێت و نرخەكانیشمان لە 500 دینارە دەست پێدەكات تاوەكو 150 هەزار دینار، جۆری ناپاڵمەكەش لەهەموویان زیاتر خواستی لەسەرە.
لەبارەی قەدەغەی فرۆشتنیان، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، فرۆشیاری ئەو یارییە ئاگرینانە دەستگێڕ و گەڕۆكن و شوێنێكی دیاریكراویان نییە، ئەمڕۆ هەڵمەتی گەڕانمان هەبووە، بەڵام كاتێك لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەگەنە شوێنەكە هەواڵیان پێدەدرێت و كۆیدەكەنەوە و رادەكەن، دوای رۆیشتنی لیژنەكان دوبارە دایدەنێنەوە بۆ فرۆشتن.
لە هەڵمەتی گەڕانمان توانیومانە چەند كارتۆنێكیان لێ دەستبەسەردا بگرین، بەڵام لە سەرچاوەی داغڵبونی ئەو یارییە ئاگرینانە ئاگادار نین و نازانین چۆن و لە چی رێگەیەكەوە دەگەنە بازاڕەكان و دەفرۆشرێن، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 31.12.2025 وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا