قەزای دوزخورماتوو - وێنە: 964
كێ و کێی گرتووەتەوە؟
هێرشەکەی کۆرمۆر.. 12 بەرپرسی ئەمنی لە خورماتوو دەگۆڕێ
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
نزیک بە یەک مانگ پاش هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، بەبڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق گۆڕانکاری لە هەشت پۆستی ئەمنی قەزای خورماتوو کراوە، ئەو گۆڕانکارییە 12 پۆستی ئەمنی لە قەزاکە دەگرێتەوە، قسەوباسەکە ئەوە بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بووە.
شەوی 28.11.2025، خەڵک بەهێرشی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر شەوێکی نارەحەتیان بەسەربرد لە هەرێمی کوردستان، هەرزوو پاش ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر کێڵگەکە، کارەبا کوژرایەوە و چەند رۆژێکی خایاند، ئاشکرابوو کە هێرشەکە لە سنووری خورماتوو لەلایەن گروپی چەکدارەوە ئەنجام درابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.12.2025، یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە نەتەوەی کورد بە 964ـی وت، گۆڕانکاری ریشەیی لە پۆستی بەڕێوەبەری دەزگا ئەمنییەکانی قەزاکە کراوە، ئێستادا لەکۆی 12 پۆستی ئەمنی هەشت دانەیان گۆڕدراون و لەرۆژانی داهاتوو ئەوانی دیکەش دەگۆڕدرێن.
بە قسەی ئەو ئەندامی ئەنجومەنە، ئەو گۆڕانکارییانە دوای هێڕشەکەی سەر کۆرمۆر دێت، کە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکان دەریخست هێڕشەکە لەسنوری خورماتوەوە ئەنجامدراوە، هەر ئەوکاتیش لیژنەی لێکۆڵینەوەی هێڕشەکە کۆمەڵێک بڕیاریدا، لەنێویاندا گۆڕینی سەرجەم بەڕێوەبەرە ئەمنییەکانی سنورەکە بوو ئێستاش بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەشێک لەو دەزگا ئەمنییانەی کە بەڕێوەبەرەکانیان گۆراوە؛
- بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی خورماتوو
- بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی ئامرلی
- بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆماری
- بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان
- بەڕێوەبەری پاسەوانی دامودەزگا حکومییەکان
- بەڕێوەبەری گرتووخانەی خورماتوو
- بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی حەموڕابی
- بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان و گرتووخانە
بەپێی سۆراغی 964، لە گۆڕانکارییەکاندا هیچ پۆستێک بەکورد نەدراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هیچ پۆستێکی ئەمنی نییە بۆ کورد لە قەزاکەدا، یاسین محەمەد وتی، کەسێک پێشنیار نەکراوە بۆ ئەوی پاڵپشتی بکەین و بەشێک لەو پۆستانەی پێ پڕبکرێتەوە، لەهەوڵیشداین لەداهاتوودا گەر کەس هەبێت لە نەتەوەی کورد ئەوا پۆستی ئەمنی وەربگرێ.
هێرشەکە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە مانگی رابردوو، لەلایەن دوو درۆنەوە ئەنجام درا کە یەکێکیان کەووتە ناو کێڵگەکە، ئەوە یانزەیەمین جاربوو هێرش بکرێتە سەر ئەو کێلگەیە و داوا کرا، سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابنرێت و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ ئەو کەسانە دەربچێت کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە.
دوای چەند رۆژێک، نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن دوو درۆنەوە ئەنجام دراوە.
لەباری ناسنامەی بکەرەکان، وتی کە ناوی ئەو کەسانەیان دەستکەوتووە هێرشەکەیان ئەنجامداوە و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، داواشکرا، وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی دەستەبەر بکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا