دەزگای ئاسایش ئاماری راگەیاند
بەراورد بە دووساڵی رابردوو، بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر کەمی کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ساڵی 2025 کۆی ئەوانەی وەکو بەرکاهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر راگیراون، 752 کەس بوون، لەو ژمارەیە 26 کەسییان لە رەگەزی مێ بووە، بەڵام بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو رێژەی بەکارهێنەر کەمی کردووە.
هەروەک باس لەوەدەکات، تێکڕای ئەو کەسانەی راگیراون لەماوەی ساڵی 2025، تەمەنیان لەنێوان 18 ساڵ بۆ 57 ساڵ بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.12.2025، دەزگای ئاسایشی هەرێم کوردستان، ئاماری کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لەساڵی 2025 دەخاتەڕوو، هاوکات بەراوردکاری لەنێوان ساڵەکانی 2023-2024-2025 ئاشکرادەکات.
عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆگرافیکێکدا باسی لەوەکرد، لە ماوەی ئەو ساڵەدا یەک تۆن و 206 هەزار و 262 کیلۆ ماددەی هۆشبەری جیاواز دەستی بەسەرداگیراوە، هەروەها سێ تۆن و 668 کیلۆ ماددەی ئەسیل دەستی بەسەرداگیراوە.
لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل عەقید کارزان دەڵێ، 107 ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە، لەگەڵ 57 دەمانچە، چوار چەکی جۆراوجۆر، هەروەک ئاماژەی بەوەکرد، 432 دۆسییەی هەواڵەکراو و 238 سزادراو رەوانەی دادگا کراوە.
لەبارەی بەراوردکاری ساڵەکانی 2023 و 2024 بەراورد بە ساڵی 2025، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتی، لە ساڵی 2023 و لەماوەی چالاکییەکانیاندا، هەزار و هەشت کەس دەستگیرکراوە، وە لە ساڵی 2024، هەزار و 160 کەس دەستگیرکراوە، بەڵام لەساڵی 2025، هەزار و پێنج کەس دەستگیرکراوە.
عەقید کارزان شێرکۆ وتی، ئامارەکەی لای ئەوان دەری دەخات، ساڵانی 2023 بۆ 2024 بەراورد بە ساڵی 2025، ئاماری دەستگیرکراوان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، هەروەک لە ساڵی 2023، ژمارەی ئەوانەی بەکارهێنەر بوون 653 کەس بووە، وە لە ساڵی 2024، بەکارهێنەران 651 کەس بوون، لە ساڵی 2025 رێژەکە بۆ 475 کەس دابەزیوە.