بڕیاری نوێ هەیە
کێشەی دۆلاری شین و سپی بانکە ئەهلییەکان دروستیان کردووە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لە ساڵی نوێیە و بڕیاری نوێ بۆ جێگیربوونی دۆلاری سپی و شین لە بازاڕەکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەهایان جێگیر دەکرێ، وتەبێژی بازاڕی دراو دەڵێ، هۆکاری ئەو جیاوازییە بانکە ئەهلییەکان.
بەڵام وەک باسی دەکات، ئەوانیش بیانوویان هەیە و دەڵێن، لە دەرەوەی عێراق دۆلاری سپی دەهێنرێتە ناوەوە و دۆلاری شین دەبەنەوە دەرەوە.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی وت، لە ساڵی نوێیەوە، بۆ 10 هەزار دۆلار دەبێ، دوو هەزار دۆلاری سپی وەربگیردێت هاوشانی دۆلارە شینەکە، تا بەوجۆرە جێگریی بۆ نرخی هەردوو دۆلارە سپی و شینەکە بگەڕێندرێتەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە ساڵی نوێ بڕیارێکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێ، بازرگانان ناتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق وەربگرن، تاوەکو باجی گومرگی نەدەن و سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ نەکەن، ئەمە بڕیاری نوێی و لە ساڵی نوێ و لە عێراق جێبەجی دەکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە دوای کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری لەسەر دراوە.
سیستەمی ئەسیکودا “ASYCUDA System” کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستەمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکی کردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان.
ئەم جۆرە سیستەمە لە ئاستی جیهانیدا شتێکی نامۆ نییە، چونکە زۆرێک لە وڵاتان سیستەمی ئۆتۆماتیکی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا