"ژیان زۆر زەحمەت بووە"

مام ئەیوب 31 ساڵە بە عارەبانە بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین دەکات

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ئەیوب لەتیف کاسبکارێکی بەقەناعەتی شاری هەولێرە کە 31 ساڵە عارەبانە دەگێڕێت و بە شان و بازووی خۆی بژێوی خێزانێکی نۆ کەسی پەیدا دەکات.

مام ئەیوب رۆژانە دەچێتە بازاڕی شێخەڵا، هەر کەسێکی پێویستی پێی بێت بە عارەبانەکەی کەرەستە و شتومەکەکانی بۆ دەگوازێتەوە، ئەو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، لە ساڵی 1994ـەوە و پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکات، عارەبانەی پێیە و ئێستاش کە حەوت منداڵی هەیە، هەر ئەو کارە دەکات و بژێوی ژیانیان پەیدا دەکات.

“جاران ژیان خۆشتر بوو، خەمی منداڵ و مەسرەفت نەبوو، چیت پەیدا دەکرد، دەتخوارد، بەڵام ئێستا پێڕاناگەی و ژیان زۆر زەحمەت بووە”، مام ئەیوب وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانی زوو بە عارەبانەی دار ئیشی دەکرد، بەڵام ئێستا ئاسنە و شتێک باشترە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری