"هەموو سەروەتەکەم قوربانی نینۆکی منداڵەکان بێت"
ماڵی باوکێک لە ناحیەی شۆڕش بووەتە پەناگەی 15 نەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی ناحیەی شۆڕش، تەنیا لە ماوەی سێ خولەکدا ماڵی چوار کوڕی حاجى محەمەدی نوقم کرد، ئێستا ئەو پیاوە ماڵەکەی خۆی کردووەتە پەناگە بۆ کوڕ و نەوەکانی و دەڵێت، ماڵ و سەروەتەکەم رۆیشت بەڵام گرنگ ئەوەیە نەوەکانم لە باوەشمدان.
محەمەد عەبدولڕەحمان، ئەو باوەکەیە کە باوەشی بۆ چوار کوڕ و 15 نەوەی کردووەتەوە و بە 964ـی وت، زیانێکی مادی زۆر بەر ماڵی خۆی و کوڕەکانی کەوتووە و کوڕەکانی نەوەکانی ئێستا شوێنیان نییە وماڵەکاناین ژێر ئاو کەوتووە، بۆیە هەموویانی بە منداڵەکانیانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا کۆکردووەتەوە.
وتیشی، 150″ سەر پەلەوەر، ئۆتۆمبێل، کەلوپەلی ناوماڵ و دانەوێڵەم هەمووی لە لافاوەکەدا تیاچووە، بەڵام هەمووی قوربانی سەری منداڵەکان بێت، ئێستا دڵخۆشم کە هەموومان بەیەکەوەین و کەس نینۆکی نەکەوتووە”.
“ئاستی ئاوەکە زۆر بەرز بوو، تەنیا سێ خولەک دەرفەت هەبوو، ئەگەر فریایان نەکەوتباین هەموویان دەخنکان، هاوارم لێکردن خێرا بچنە سەربان”. محەمەد وای وت.
زانا محەمەد، یەکێکە لە کوڕەکانی و ماڵەکەی ژێر ئاو کەوتووە، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “لە دەرەوە بووم هاتمەوە ئاوەکە گەیشتبووە سینگم، دەرگای حەوشەکەمان بەرزە کەچی ئاو لێی دەپەڕیەوە، منداڵەکانمان بردە سەربان و لە ماڵی دراوسێوە بە پەیژە رزگارمان کردن”.
ئێستا ئەو چوار کوڕە و 15 منداڵەکەیان، کە بەهۆی لافاوەوە ماڵەکانیان وێران بووە، لە ماڵی باوکیان لە ناحیەی شۆڕش دەمێننەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر