تواناى 83 مێگاوات بەرهەمهێنانى کارەباى هەیە

 یەکەی سێی وێستگەى کارۆئاوى دەربەندیخان چاککرایەوە

964+

وریا فەتاح

دوای وەستانی بەهۆی کێشەی تەکنیکی، ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەی ژمارە 3ـى وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخان بە سەرکەوتوویی چاککرایەوە و بەگەڕخرایەوە، بەمەش بڕی 83 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی گەڕایەوە.

کاوە ئەحمەد، بەڕێوەبەری وێستگەی کارۆئاوی دەربەندیخان رایگەیاند، پرۆسەی چاککردنەوەکە ورد و ئاڵۆز بووە و سەرجەم تیمە تەکنیکییەکان (میکانیک، پاراستن، کۆنترۆڵ و چاکسازی) رۆڵیان تێدا هەبووە.

بە قسەی بەڕێوەبەری وێستگەکە، گرفتەکان لە چەند بەشێک بوون و بەم شێوەیە چارەسەر کراون:

پاککردنەوەی رۆتۆر: بەشی چاکسازی توانیویانە بەشی “رۆتۆر”ی یەکەکە بەتەواوی پاک بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ماددەی تایبەتیان بەکارهێناوە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هێنراوە.
گۆڕینی پارچەی سووتاو: لە بەشی کۆنترۆڵ، پاوەر سەپلای ئیگزاتەشن  سووتابوو، توانرا کێشەکە دەستنیشان بکرێت و بگۆڕدرێت.
سیستەمی پاراستن: تەکنیکارانی بەشی کاریان لەسەر ڕیلەکان کردووە و دۆخی یەکەکەیان ئاسایی کردووەتەوە.
لیکی ئاو: بەشی میکانیک ئەو گرفتانەیان چارەسەر کردووە کە پەیوەندی بە دزەکردنی ئاوەوە هەبووە.
وێستگەی کارۆئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە سێ  یەکەی بەرهەمهێنان پێکهاتووە، توانای هەر یەکەیەکیان نزیکەی 83 مێگاواتە، بە گەڕانەوەی ئەم یەکەیە، توانای گشتیی وێستگەکە دەگاتەوە ئاستی نزیکەی 249 مێگاوات، کە پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی بۆشایی کارەبا.

زانیارى لەبارەى بەنداوى دەربەندیخان:

یەکێکە لە ستراتیژیترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دووەم گەورەترین بەنداوى هەرێمە لە دواى بەنداوى دوکان.

ئەم بەنداوە کە لە 23ی تشرینی دووەمی ساڵی 1961 لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، عەبدولکەریم قاسمەوە کرایەوە.

بەرزی بەنداوەکە 128 مەترە و پانییەکەى لە بنکەدا 500 مەتر و لەسەرەوە 17 مەترە کە تواناى گلدانەوەى سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە.

بەنداوەکە دەکەوێتە سنووری قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی و دیمەنێکی سروشتی جوان و سەرنجڕاکێشی بە سنوورەکە بەخشیوە.

بەنداوى دەربەندیخان، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی بە توانای 249 مێگاوات لەخۆدەگرێت کە لە سێ یەکەی سەرەکی پێکدێت و هەر یەکەیەک تواناى بەرهەمهێنانى 83 مێگاوات کارەباى هەیە.

بەهۆى وشکەساڵى و کەمبارانى ساڵى رابردوو، ئەمساڵ بەنداوەکە بڕێکى زۆر ئاوى لەدەستدا، بەشێوەیەک لە 1.8.2025، تەنیا 1 ملیار و 447 ملیۆن  مەترسێجا ئاوى  تێدابوو.

تەمەنى بەنداوى دەربەندیخان بوو بە 64 ساڵ

تەمەنى بەنداوى دەربەندیخان بوو بە 64 ساڵ