گەڕەکی تەیراوەی هەولێر لە کاتی بارانە بەخوڕەکە. وێنە ئەرشیفى:964
ئیدارەکانى راپەڕین و سۆران زۆرترینى لێ دەبارێت
بارانى بە خوڕ دەبارێت و هۆشدارى لە لافاو دەدرێت
964+
وریا فەتاح
شارەزایەکى کەشناسى هۆشدارى دەدات لە دروستبوونى لافاو بەهۆى ئەو بارانەى لەمشەوەوە دەبارێت و تا ئێوارەى رۆژى چوارشەممە بەردەوام دەبێت.
سیروان ساڵح شارەزاى کەشناسى رایگەیاند، لە ئەمشەوەوە تا ئێوارەى رۆژى چوارشەممە ناوبەناو تاوەبارانى بەخوڕ، سەرجەم ناوەچەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە.
پێشبینى کردووە کە شەوى یەکشەممە لەسەر دووشەممە و رۆژى دووشەممە، بارانى باش و ئاسایى ببارێت، هەروەها شەوى دووشەممە لەسەر سێشەممە و سێشەممە تاکو ئێوارەى چوارشەممە، ئەگەرى بارانى زۆر و لافاو هەیە لەسەرجەم چەم و دۆڵ و ناوچە نزماییەکان.
بەپێى پێشبینییەکانى ئەو کەشناسە، بڕى بارانبارینى پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبێت:
سەنتەری هەولێرو دەوروبەری نێوان 65 تا 85 ملیمەتر.
سەنتەری سلێمانی و دەوروبەری 85 تا 115 ملیمەتر.
سەنتەری دهۆک و ئیدارەی زاخۆ 55 تا 75 ملیمەتر.
پارێزگای هەڵەبجە 80 تا 100 ملیمەتر.
ناوچەکانی گەرمیان و کەرکوک 80 تا 140 ملیمەتر.
ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆران 100 تا 200 ملیمەتر.