سلێمانی
مەرقەدێک مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردووە
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ماوەی 15ساڵە درزێكی گەورە لە شورای مەرقەدی یەكێك لە پیاوچاكانی گەڕەكی مەڵكەندی سلێمانی دروست بووە و مەترسی بۆ دانیشتوانی گەڕەكەكە دروست كردووە.
رێبین حوسێن، دانیشتووی گەڕەكی مەڵكەندییە و بۆ 964 وتی، نزیكەی 15 ساڵە شورای مەرقەدەکە درزی تێدا دروست بووە و مەترسی بۆ دانیشتووانی گەڕەک و ئۆتۆمبێل و ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕن، دروست كردووە و لە هەر كاتێكدا بێت مەترسی رووخانی لەسەرە.
وتیشی، درزەكە لە بوومەلەرزەوە دروست بووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ درزەكە گەورەتر دەبێت و داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین پێش ئەوەی كارەساتی لێبكەوێتەوە چارەسەری بكەن.
پەیامنێری 964 بۆ گەیاندنی بابەتەکە، پەیوەندی كرد بە عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی و ئەویش راگەیاند، سبەی تیمێكی پشكنین دەنێرنە شوێنەكەو بەهەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی سلێمانی هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا